ئاسایشی هەولێر: رووداوەكەی دانی سویدی كۆنە و تۆمەتبار هەر رۆژی رووداوەكە گیراوە

:: PM:08:21:31/03/2023 ‌
لە چەند رۆژی رابردوودا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە ڤیدیۆی هونەرمەند "دانی سویدی" تەنرا كە لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی "كەیفی زراری"ـیەوە دەستدرێژی دەكرێتە سەری و پرچی دەتراشرێ، لەمبارەوە ئاسایشی هەولێر رای گەیاند رووداوەكە كۆنە و 14ی ئەم مانگە روویداوە و هەمان رۆژیش تۆمەتبار گیراوە. 

ئەمڕۆ هەینی 31ی ئاداری 2023، عەقید سەباح خدر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رای گەیاند، لەم رۆژانە گرتە ڤیدیۆیەك لە سۆشیال مییدیا بڵاو بووەتەوە كە تیایدا چەند كەسێكی گەنج دەردەكەون و لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوانیان دەستدرێژی دەكرێتە سەر یەكێكیان بە ناوی "دانی سویدی" و پاشان سەری دەتاشن، ئەم رووداوە كۆنە و لە رێككەوتی 14ی ئاداری 2023 بووە. 

ئاسایشی هەولێر روونی كردووەتەوە، هەمان رۆژی رووداوەكە تۆمەتبار "كەیفی سابر حەمەد"مان گرت و ئێستا لامان راگیراوە و رێكاری یاسایی بەرانبەری گیراوەتە بەر. 

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كەس لە یاسا گەورەتر نییە و هەر كەسێك داواكراو بێت لە دادگا و مافی هاووڵاتییان پێشێل بكات دەگیرێت و رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە. 

پێشتر ئاسایشی هەولێر بەهۆی كێشەیەكی ترەوە كە دووبارە سۆشیال میدیای تەنی كەسێكیان بە ناوی "شاباز زەمانی " گرت و لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر دەردەكەوێت كە راگەیاندنی گرتنی تۆمەتبارێكی وەك "كەیفی سابر" دوای زیاتر لە 15 رۆژ نیشانەی ئەوەیە كە ئاسایشی هەولێر بەردەوام بێ ئەوەی هاووڵاتییان ئاگادار بن خەریكی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی یاسایە و راگەیەندراوەكەی تەنیا لەوكاتە هات كە رای گشتی جووڵا، ئەگەر نا بەردەوام و ماندوونەناسانە بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن و ئارامی شار و وڵات دەپارێزن.


وشە - تایبه‌ت