بەفەرمی كاتی دابەشكردنی بەشەخۆراكە زیادەكەی رەمەزان راگەیەنرا

:: PM:02:05:01/04/2023 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی خۆراكی هەولێر رای دەگەیەنێت، دابەشكردنی خۆراك دەستی پێ‌ كردووە، بەڵام چاوەڕوانین هەفتەی داهاتوو ئەو مادە زیادانەی بۆ مانگی رەمەزان دانرابوون بگات.

ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی سێ‌، بریتییە لە شەكر و نیسك  و زەیت و دۆشاوی تەماتە كە دابەش كراون، برنج بەسەرجەم بنكەكان دابەش كراوە.

باس لەوەش كراوە، بنكەكانی ناوشار لە بنكەی 201  تا 211 دۆشاوی تەماتەی دوو مانگیان پێ دەدرێت، چونكە مانگی رابردوو سەبەتەی دووەم دۆشاوی تەماتەیان بۆ نەچوو بوو، هەروەها لەتكەنۆك بۆ سەبەتەی سێیەم لە هەموو عێراق دابەش نەكراوە. لە جیاتی لەتكەنۆك سەبەتەی مانگی ڕەمەزان دابەش دەكرێ.

لەبارەی سەبەتەی مانگی رەمەزان، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پشتڕاستی هەواڵێكی "وشە"ـی كردووەتەوە و رای گیاند، هەر كاتێك بابەتەكان بەتەواوی گەیشتە كۆگەكانمان دابەشیان دەكەین . چاوەڕوان دەكرێ لە هەفتەی داهاتوو دەست پێ بكات.

هەندێك كێشەی گواستنەوە بۆ هێلكە هەبوو، بەڵام ئەو كێشانە چارەسەر كراون.
لە كۆتایی هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، هەندێك كێشەی گواستنەوە بۆ هێلكە هەبوو، بەڵام ئەو كێشانە چارەسەر كراون.

زیاتر گوتی، ئەو هێلكەیە لە سووریا كڕاوە و كوالێتیشی رێپێدراوە و ئەگەر بەربەستی گواستنەوە دروست نەبێت، ئەوا بێگومان هەفتەی داهاتوو هێلكە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن خێزانی هەیە كە پسوولەی خۆراكیان هەیە، یانی 30 ملیۆن هێلكە بەشی كوردستانە.



وشە - رامیار جەواد