تا سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەبێت هەموو مافەكانی گەلی كورد پارێزراوە

:: PM:05:26:01/04/2023 ‌

هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری گرفتەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، ئەو  هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە ئاڵۆزیی و تەنگژەكان چارەسەر بكات، چەندان جاریش لە پەیامەكانیدا ئاماژەی كردووە كە زۆرینەی گرفتەكان لەگەڵ بەغدا بەرەو  چارەسەری دەڕۆن و هەنگاوی گرنگ و بەبایەخمان بڕیوە.

لە ماوەكانی رابردوودا سەرۆكی حكوومەت لە جەندان دیدار و كۆبوونەوەدا وتار و پەیامی ئاراستەی هاووڵاتییان كردووە، ئەوەی لەگەل بەغدا گەیشتوون بە لێكتێگەیشتن و هەنگاوی گرنگ نراوە، ئەمەش هەواڵ و موژدەی گرنگ و  خۆشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

لەوبارەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و گەلی كوردستان دەبێت، هەموو ئاماژەكانیش ئەوە دەردەخەن كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆكان بە ئەنجام بگەن و بگەنە رێككەوتن.
مەسروور بارزانی دووپاتی دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناكات
زیاتر گوتی، گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئامانجی حكوومەت و قازانجی هاووڵاتییان و كەرتی ئابووری و هەموو بوارەكانی ترە لە هەرێم، دەبێت ئەم پێوەندییە زۆر تەندروست و بەهێز بكەین و هەرگیز بەرەو لاوازی و سستی نەڕوات، لەم ماوەیەش دەبینین كە ئەم پێوەندییە بەهێزە، ئەمەش كارێكی باش و گرنگە كە سەرۆكی حكومەت كردوویەتی.

"هەموو ئاماژەكانی ئەوەمان پێ دەڵێن كە پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر بەهێز و باشن و هەموو گرفتەكان بە ئاراستەی چارەسەری و باشبوون دەچن، ئەمەش لە لێدوان و پەیامەكانی هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق دەردەكەوێت، بەتایبەت سەردانی دوایی سوودانی بۆ هەرێم ئاماژەیەكی باش وگرنگی لێ دەخوێندرێتەوە"، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان وای گوت.

پێوەست بەو پرسە سارا دڵشاد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە، هەوڵی دا كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكات، یەكەمین سەردانیشی بۆ بەغدا بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەونە گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ چارەسەری كێشەكان.

زیاتر گوتی، لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، هەمیشە سەرۆكی حكوومەت شاندی ناردووەتە بەغدا و چەندانجار لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی لە رێككەوتن نزیكبوونەوە، لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر لە رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر نزیك بوون، بەڵام بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی كابینەكەی نەتوانرا رێككەوتن واژوو بكرێت، لە كابینەی مستەفا كازمیش، مەسروور بارزانی و حكوومەتی هەرێم چەندان هەوڵی جیایان دا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، چەندانجار شاندی ناردە بەغدا و خۆشی سەردانی بەغدای كرد بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، بەڵام بەهۆكاری جیا جیا و پەیمانشكێنیی بەغدا هەوڵەكانی سەریان نەگرت و رێككەوتن ئەنجام نەدرا.

ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جارێكی تر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئێستەش هەردوولا رێككەوتن و چاوەڕوانن رێككەوتنەكە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت و پەسند بكرێت.

"مەسروور بارزانی سەرەڕایی هەوڵەكانی بۆ گەیشتنە رێككەوتن، هەمیشە دووپاتی دەكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناكات، هەرگیزیش ئامادە نەبووە لەپێناو دەسكەوتی كەسی و تایبەت بە كابینەكەی دەست لە مافە سەرەتایی و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بەر بدات"، سارا دڵشاد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی وای گوت.

ئاشكرای كرد، دیدگەی مەسروور بارزانی بوو بۆ رێككەوتن، كە وای كرد هەردوولا بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەكان بگەنە رێككەوتن، دڵنیاشم لەكاتی پەسندكردنی رێككەوتنەكە، بڕگەكانی دەخرێنە خزمەتی خەڵكی كوردستان و دەبێتە هۆكاری تەكانێكی نوێ بە پێشكەوتن و بنیاتنانی ژێرخانێكی تۆكمە.

هاوكات سەرتیپ مەحموود، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، لەكۆتاییدا سەرۆكی حكوومەت سەركەوت و رێك كەوت و رادەست و ملكەج نەبوو، لەوكاتەی سەرشۆڕی بۆ ئەو كەسانەیە كە ئێستە خۆیام بێدەنگ كردووە و وا تێدەگەن كە ئەمە كۆتایی قەوارەی هەرێمە.

روونی كردەوە، تا سەرۆكی حكوومەت هەبێت هەموو مافەكانی گەلی كورد پارێزراوە، ئەوانەشی كە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت نین، شكستخواردوو و دۆراون و هەمیشە لە ئاستی سەرۆكی حكوومەتدا بچووك و بێ بەهان، چونكە هەمیشە وا بووە ئەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت نەبووبێت شكستی هێناوە و دۆڕاوە، ئێستە سەرۆكی حكومەت و ئیرادەی گەل سەركەوتەوە، بەڵام ئەوانەی لە بەرپرسیارەتی رایان كرد لەناخی خۆیاندا هەر كەم و رووخاون.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل