بۆچی عێراقییەكان پێویستیان بە درۆی نیسان نەماوە؟

:: PM:08:47:01/04/2023 ‌

ئەمڕۆ یەكی نیسانە، ئەو رۆژەی لەناو گەلانی دنیا بە رۆژی درۆ ناسراوە، خەڵكە كردوویانەتە نەریتێكی ساڵانە درۆی سپی وە گاڵتە و گەپ لەگەڵ یەكتر دەكەن، لە عێراق خەریكە هاووڵاتییان گەرموگوڕیان بەرانبەر بەو رۆژە نامێنێت، چونكە ئەوان رۆژانە لەناو كەشوهەوایەكی درۆدا دەژین، لە درۆی سیاسی و بەڵێنی خۆش، كە وای كردووە عێراق ببێتە بەهەشتێكی خەونەكان.
لە ماوەی رابردوودا گەلی عێراق زۆر درۆی لەگەڵدا كرا و هەشیانە تا ئێستە بەردەوامە، لەوانە بەڵێنی سیاسییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە، لەو درۆیانەشی كە هاووڵاتی باجەكەی داوە، تەنگژەی دۆلارە، كە بەڵێنی چارەسەركردنی دراوە و تا ئێستە نرخەكەی لە بازاڕ بەرزە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مادە پێویست و سەرەكییەكان.

عەلا مستەفا، مامۆستای زانكۆ دەڵێت، درۆی نیسان لەكاتێكدا سەری هەڵدا كە درۆ كەم دەكرا، بۆیە خەڵك ناویان لە یەكی نیسان نا درۆی نیسان، بە مەبەستی گاڵتە گەپ و لادان لە نەریتی درۆنەكردن و راستگۆیی، كەچی ئێستە لەناو دەریایەك درۆدا مەلە دەكەین، بۆیە دنیا هەمووی بووەتە درۆ، لەلایەن سیاسەتوان و میدیاكان و دامەزراوەكانەوە دەگوترێتەوە، ئێستە بەزەحمەت جیاوازی لە نێوان راست و درۆ دەكرێت، بەداخەوە لەو سەردەمەدا راستگۆیی بووەتە دراوێكی دەگمەن.

زیاتر گوتی، لەگەڵ ئەوەش بێ هیوا نابین، چونكە یاساكە دەڵێت پەتی درۆ كورتە، ئێمەش لەم رۆژانەدا دەژین و دەبینین چۆن بەرپرسێكی گەورە درۆكانی ئاشكرا دەبێت و لە رووی یاساییەوە راوەدوو دەنرێت، رەنگە ئەوە بۆ داهاتوو سوودی هەبێت و ببێتە عیبرەت، بۆ ئەوەی سەركردە و سیاسەتوانەكان واز لە درۆ و فرتوفیڵ بێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل