ئەم كەشە ساردە كەی كۆتایی دێت؟

:: PM:09:49:01/04/2023 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی دوایی، بەتایبەتی لە شەوی دوێنێ هەینییەوە شەپۆلێكی ساردی جەمسەری رووی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد، بەو هۆیەوە بەفر چەند ناوچەیەكی فرەوانی گرتەوە و پلەكانی گەرما زۆر دابەزین، كەشناسێك پێشبینی وادەی كۆتاهاتنی ئەو شەپۆلە ساردە و هاتنی بارستە هەوایەكی گەرم دەكات.

عەلی مووسەوی، كەشناس لە پۆستێكی لەو بارەوە نووسیویەتی، پێشبینی دەكرێت ئەو شەپۆلە ساردەی ئێستە عێراقی گرتووەتەوە، لە رۆژانی یەكشەم و دووشەمی داهاتوو روو لە كزبوون و نەمان بكات، بەو پێیەی رۆژی سێشەم كاریگەرییەكەی بەتەواوە تی نامێنێت، ئەوەش بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی گەرم وا دەكات پلەكانی گەرما بەرز ببێتەوە، روونی كردەوە، بەوەش كەشوهەوای بەهاری بەسەر تەواوی عێراق زاڵ دەبێتەوە.

دوێنێ هەینی كەشوهەوایەكی زستانی باڵی بەسەر هەرێمی كوردستان و عێراقدا كێشا، پێنجشەمی رابردوو د. شاهین هورمزی، شارەزا لە تەكنیكی هەستكردن لە دوورەوە رای گەیاند، لە ماوەی 48 سعاتی داهاتوو، بەتایبەتی رۆژی هەینی لە دوای فتاركردنەوە، عێراق دەچێتە ناو كەشوهەوایەكی زستانەی جەمسەری سەخت، بەو هۆیەوە پلەكانی گەرما تا نزمترین ئاست دادەبەزن.

روونی كردەوە، پلەكانی گەرما دەگەنە نزمتر لە تێكڕای ساڵانە لەو كاتە بە 12 پلەی سەتی، ئەوەش یەكەمجارە لە دیان ساڵ رووبدات، چونكە عێراقییەكان لەو كاتانە هاتنەوەی زستانیان نەبینیوە، ئەو نزمە پەستانە جەمسەرییەش رۆژانی هەینی و شەموو بەردەوام دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل