شوان داودی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووجار قوربانی یە یەكێتی داوە

:: PM:10:16:01/04/2023 ‌

بەپێی چاودێران لە پارساڵەوە بافڵ تاڵەبانی دەیانجار سەردانی بەغدای كردووە، زۆرینەی كۆبوونەوە و دیدارەكانیشی كە زیاتر حزبین، لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و میلیشیاكان بووە، پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی ئاماژە دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەپێی بەرژەوەندییەكانی مامەڵە دەكات و دووجار لەسەر یەك قوربانی بە یەكێتی داوە.

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی دەڵێت، دوای دوو بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵ و دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمەوە، رێگەكە بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز خۆش دەبێت، دوای ئەوە كێشەكانیتر چارەسەر دەكرێن و رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت. 

روونی كردەوە، لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی بەردەوام نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی بەردەوام هەیە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەپێی بەرژەوەندییەكانی مامەڵە دەكات، دووپاتی كردەوە، چوارچێوە لە دوو بابەتی گرنگ قوربانی بە یەكێتی دا، یەكەم هەڵبژاردنی سەركۆمار و دووەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان.

پێشتر داودی ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە كارتەكانی یەكێتی بەرانبەر بە پارتی لاوازن، ئەو لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی "جەریدە"، گوتی، لەبەر چەند هۆكارێك كارتەكانی یەكێتی بەرانبەر بە پارتی لاوازن، گرنگترینیان پەرتەوازەیی ناوماڵی یەكێتییە، كە پارتی سوودی لەوە بینیوە، كاتێك لەدوای كودەتاكەی 8ی تەمووز هەموو تواناكانی یەكێتی ئاراستەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی دوورخراوەی ئەو حزبەیە، ئەوەش بۆ لاوازكردنی رۆڵ و پێگەكەی، كە ئەوەش بووە هۆی لاوازبوونی یەكێتی و لەدەستدانی زۆرێك لە هێز و كارتەكانی.

داودی لەبارەی دۆخی سلێمانییەوە ئاماژەی كرد كە ماوەیەكی زۆرە لە تەنگژەیەكی گەورەدایە و دۆخەكە مەترسیدارە، كاتێك بەهۆی پێنەگەیشتوویی سەركردایەتی یەكێتی لە بەڕێوەبردنی تەنگژەكان، بۆ نەهێشتنی تەنگژەیەك یەكێكی تر دروست دەكات، ئێستە سلێمانی و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لەناو تەنگژەی سیاسی و ئیداری و ئابوور ی و تەناهیش نقووم بوونە، بۆیە لەوەتەی دامەزراندنییەوە تا ئێستە سلێمانی بە سەختترین و مەترسیدارترین قۆناغیدا تێپەڕ دەبێت.



وشە - تایبه‌ت