ناوی بچووكترین نووسەر دەچێتە كتێبی گینیس

:: AM:11:42:02/04/2023 ‌
منداڵێكی ئیماراتی كە تەمەنی تازە گەیشتووەتە چوار ساڵ، كتێبێكی چاپ كردووە و بەهۆیەوە بە بچووكترین نووسەری دنیا هەژمار كراوە، بۆیە ناوی چووەتە كتێبی "گینیس" بۆ شكاندنی ژمارەی پێوانەیی.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم دووی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، ئەو منداڵەی كتێبەكەی بە چیرۆك چاپ كردووە و بڵاوی كردووەتەوە، ناوی "سەعید مهێری"یە و تەمەنی تەنیا چوار ساڵە، بۆیە ناوی لە كتێبی گینیس وەك بچووكترین نووسەر تۆمار كراوە.

پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە كتێبی منداڵەكە بەناوی "فیلێكی دڵخۆش و ورچێك"ـە، لەو چیرۆكەدا باس لە پێوەندیی خۆشەویستی و دڵسۆزیی نێوان ئاژەڵان دەكرێت. بۆ ئەوەی ناوی منداڵەكە بچێتە كتێبی گینیس، لیژنەیەك لێكۆڵینەوەیان لە سەعید مهێری و كتێبەكەی كردووە، تا بزانن خۆی نووسەری كتێبەكەیە یان كەسێكی تر، ئەنجام دەركەوتووە منداڵەكە خۆی زیرەكە و توانیویەتی ئەو چیرۆكە لە كتێبێكدا چاپ بكات، وەك ئەوەی دایكی باسی كردووە.

بەرلە سەعید، خوشكێكی بەناوی "زەبی مهێری" بەهەمانشێوە ژمارەی پێوانەیی شكاندووە، بەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا كتێبێكی چاپ كردووە بەناوی "بیرۆكەیەكم هەبوو"، ئەو كتێبەكە هەزار دانەی لێ فرۆشرابوو. ئەویش بەهەمانشێوە ناوی لە كتێبی گینیس تۆمار كرا.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د