بۆچی 23ی نیسان كراوەتە رۆژی جیهانیی كتێب؟

:: PM:12:13:23/04/2023 ‌

ئەمڕۆ 23ی نیسان رۆژی جیهانیی كتێبە، رێكخراوی یونسكۆ ساڵانە لە 23ی نیسانی 1995ەوە ئەو رۆژە زیندوو دەكاتەوە، تیایدا رێز لە نووسەران لە سەرانسەری دنیا دەنرێت، جیا لەوانە رێكخراوەكە بە هاوكاری لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتی پێوەندیدار بە بەرهەمهێنانی كێب شارێك وەك پایەتەختی نێودەوڵەتی كتێب دیاری دەكات.  

ئەو رۆژە، واتە 23ی نیسان، وەك مێژووێكی رەمزی لە دنیای ئەدەبی دنیا دادەنرێت، چونكە دەكەوێتە رێككەوتنی كۆچی دوایی ژمارەیەك ئەدیبی گەورە و دیار، وەك ولیەم شكسپیر، باوكی رووحی شانۆی دنیایی و میگڵ دی سرفانتس، خاوەنی یەكەم رۆمانی نوێی ئەوروپایی (دۆن كیشۆت) و ئالاینكا گارسیلاسۆ دی لافیگا.

مەبەست لە زیندووكردنەوەی ئەو رۆژە بۆ دەرخستنی پێگەی گرنگی نووسەران و كتێبە لەسەر ئاستی دنیا، هەروەها بۆ هاندانی خەڵكە، بەتایبەتی گەنجان، بۆ خوێندنەوە و رێزگرتن لە بەرهەمی ئەدیبان، كە رۆڵیان لە پێشخستنی بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەبووە. 

ساڵانە لەو رۆژەدا لە بارەگەی یونسكۆ ئاهەنگ دەگێڕدرێت، هەرچی خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و چاپخانەكانن، لە رێگەی یونسكۆوە بۆچوون ئاڵوگۆڕ دەكەن، لە رێگەی ژمارەیەك كۆڕ و سیمینار و راهێنان و فێركاری بۆ گەنجان لە بوارە جیاجیاكانی بەرهەمهێنانی كتێب، لە چاپ و دیزاین و بەرگكردن و هیتریش.  

وەك یونسكۆ دەڵێت، لەو رێگەوە هەوڵی پاڵپشتیكردنی كتێب و مافی نووسەر و بەرگریكردن لە داهێنان و جۆراوجۆری و سوودگەیاندنی بێ جیاوازی دەدات، هەر لە تۆڕی شارە داهێنەرەكان لە بواری ئەدەبەوە تا پاڵپشتیكردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێركردن لە رێگەی مۆبایل و ئایپادەوە.

ئەو رۆژە بووەتە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوەی ملیۆنان خەڵك لە دنیا لە رێگەی بەشداریی كارای هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان بە پیشەسازی كتێب، لە خانەكانی پەخش و مامۆستایان و ئەمینداری كتێبخانەكان و دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان و رێكخراوە ناحكوومەتەتی و میدیاكان و هەموو ئەوانەی هاندەرن بۆ كاری بەكۆمەڵ بۆ زیندووكردنەوەی ئەو رۆژە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل