مریشك هەرزان بوو

:: AM:11:15:27/04/2023 ‌
نرخی مریشك لە بازاڕەكان بە تەواوی هەرزان بوو و لەگەڵ هەفتەی رابردوودا، بۆ هەر كیلۆیەك هەزار و 500 دینار نرخەكەی هەرزان بووە.

لە هەفتەی رابردوو كیلۆیەك مریشك گەیشتە پێنج هەزار دینار، بەڵام بەهۆی چەند رێكارێكی پێویست، ئێستە نرخی هەر كیلۆیەك هەزار و 500 دینار لە بەهاكەی دابەزیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی نیسان، رێبوار دەشتی ئەندامی كۆمەڵەی مریشكفرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی مریشك لە بازاڕەكان بە تەواوی دابەزینی تۆمار كردووە و ئێستە نرخی راستەقینەی خۆیەتی.

زیاتر گوتی، ئێستە كیلۆی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەولێر بە سێ‌ هەزار و 500 دینارە، ئەو نرخەش لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو بە پێنج هەزار دینار بوو.

باسی لەوەش كرد، گرانبوونی پێوەندی بە كردنەوەی هەناردە بوو بۆ شارەكانی عێراق، بەڵام ئێستە بۆ شارەكانیش دەنێرێت و كۆمەڵێك مەرج دانراوە بۆ ناوخۆش دابین دەكرێ‌، بۆیە دەبێت ئەو باڵانسە لە ناوخۆ و دەرەوە بەڕێكی رابگیرێ.

بەگوتەی ئەو مریشكفرۆشە كە خۆیشی كێڵگەی پەلەوەری هەیە، تاكە كێشە ئێستە هەیانە بریتییە لە نرخی دانەوێڵە كە بۆ مریشك گرانە، ئەگەر چارەسەر بكرێ‌، ئەوا خاوەن كێڵگە هیچ كێشەیەكی نابێت.


وشە - رامیار جەواد