ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەكان كە یونسكۆ دیاری كردووە، بە بەشداریی شایی و هەڵپەڕكێی كوردی لەلایەن كچانی ڕووس بەڕێوەچوو. شایی و هەڵپەڕكێی كوردی لە ڕكابەرایەتی دووێت (دوو كەسی) لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی پلەی دووەمی بەدەست هێنا.
دكتۆر دانەر ئەبوبەكر كاربەڕێكەری نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووسیای فیدراڵ، دیاری و پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی ڕاهێنەری بە توانا لیلی میرۆنۆڤە و هاوكارانی و هەردوو بەشداربووی سەركەتووی ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەكان نەدێژدە و ماریا كرد.
بەشداران و ئەكتەرانی ستافی شایی و هەڵپەڕكێی كوردی، سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ هەرێمی كوردستان و پشتگیرییەكانیان.
شایانی باسە نوێنەرایەتیی حكوومەت لە رووسیا، بەردەوام پاڵپشتی ئەم بیرۆكە كولتوورییانە دەكات كە زیاتر كولتووری كوردی بە دنیا دەناسێنن و لە پاڵ كولتووری وڵاتان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان نمایش دەكرێن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندان پڕۆژەی كولتووری و نەتەوەیی گەڵاڵە كراون و لە دەرفەتی گونجاو جێبەجێیان دەكەن.