لە تەنیشت هەزەی هەولێردا زانایانی ئیسپانیا بەدوای چی دەگەڕێن؟

:: PM:12:02:09/05/2023 ‌
كنە و پشكنین لەلایەن شوێنەواری هەولێر و بەرپرسانی زانكۆی ئۆتۆنۆمی هەرێمی بەرشلۆنەی ئیسپانیا بۆ گردی لەشكری، دەستی پێ‌ كردووە و بۆ دووەمین هەفتەیە بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە گردی لەشكری بۆ هەفتەی دووەم بەردەوامە.

باس لەوەش كراوە، هەڵكوڵینەكە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر و زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بەڕێوە دەچێت.

گردی لەشكری بە یەكێك لە گردە شوێنەوارییە دەگمەنەكانی پارێزگای هەولێر هەژمار دەكرێت و كەوتووەتە سنووری شارەدێی كەسنەزان.

پێشتر تیمێكی هاوبەشی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنای ئیسپانیا، شوێنەواری هەولێر و زانكۆی سەڵاحەدین، دوا هەڵكۆڵینیان لە گردی لەشكری كردووە و بۆیان دەركەوتووە، مێژووەكەی بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. ئەو گردە دەكەوێتە نێوان شارەدێیەكانی كەسنەزان و بنەسڵاوە.

لە رابردوودا شوێنەوارناسان لە ئەنجامی هەڵكۆڵینی گردی لەشكریدا، بخووردانێكیان دۆزیوەتەوە كە رەنگە گردی لەشكری وەك ناوەندێكی ئاینی بەكار هاتبێت



وشە - رامیار جەواد