باوكێك ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی كوڕه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ده‌به‌خشێته‌ شه‌ش نه‌خۆش

:: AM:10:35:18/05/2023 ‌
باوكێكی سعوودی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی كوڕه‌كه‌ی به‌ نه‌خۆشان به‌خشی. كوڕه‌كه‌ی تووشی له‌كاركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی مێشكی بووبوو واته‌ مێشكی مردبوو، ئه‌میش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژیانی شه‌ش نه‌خۆش له‌ مردن ڕزگار بكات.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "ئه‌لحوڕه‌" ئاژانسی ڕاگه‌یاندنی سعوودیه‌ ڕای گه‌یاندووه‌، گه‌نجێكی سعوودی كه‌ مێشكی له‌كار كه‌وتبوو، "گیانی شه‌ش هاووڵاتیی ڕزگار كرد و كۆتایی به‌ ئازاره‌كانیان هێنا، دوای ئه‌وه‌ی باوكی ئه‌ندامه‌كانی له‌ پێناو خودا به‌خشی و پاشان به‌پێی پرۆتۆكۆڵی نیشتمانی په‌سندكراو بۆ ده‌ستنیشانكردنی مردنی مێشك، حاڵه‌ته‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرا. 

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌م باوكه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی كوڕه‌ 16 ساڵانه‌كه‌ی به‌خشی، زه‌رده‌خه‌نه‌ی له‌سه‌ر ڕووخساری نه‌خۆشه‌كان و خێزانه‌كانیان دروست كرد، هه‌روه‌ها بووه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕۆحی دڵسۆزی و خۆشه‌ویستی بۆ كه‌سانی تر، پاشه‌كه‌وتكردنی كرێیه‌ك بۆ كوڕه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی.

نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان بریتی بوون له‌ "چاندنی دڵ بۆ منداڵێكی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵان كه‌ تووشی سستبوونی دڵ بووبوو، گورچیله‌یه‌ك بۆ منداڵێكی ته‌مه‌ن 12 ساڵ چێنرا، گورچیله‌كه‌ی تریش بۆ نه‌خۆشێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ چێنرا، سییه‌كانی بۆ نه‌خۆشێكی ته‌مه‌ن 68 ساڵ چێنران، په‌نكریاس بۆ نه‌خۆشێكی ته‌مه‌ن 31 ساڵ چێنرا، چاندنی جگه‌ر بۆ نه‌خۆشێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵ.

د. ته‌ڵال ئه‌لقوفی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌نته‌ری سعوودیه‌ بۆ چاندنی ئه‌ندامی جه‌سته‌، به‌ ئاژانسه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، "پرۆسه‌ی لابردن و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ به‌ خێراییه‌كی پێوانه‌یی ئه‌نجام درا، به‌گوێره‌ی ره‌وشتی پزیشكی و گره‌نتی دابه‌شكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌."



وشە - كەژاڵ كەمال