كرماشان.. جووتیارێك بە هەورەبرووسكە گیانی لە دەست دا

:: PM:08:30:19/05/2023 ‌
لە گوندێكدا لە پارێزگای كرماشان جووتیارێكی 30 ساڵ لەكاتی جووتیاریدا بە هەورەبرووسكە گیان لە دەست دەدات و قائیمقامی سەرپێلی زەهاویش دەڵێ " بۆیان دەركەوتووە كە جووتیارەكە لەكاتی ئاوداندا هەورەبروسكە لێیداوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە" 

ئەمڕۆ هەینی 19ی ئایاری 2023 میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، بنكەی تەندروستی سەرپێلی زەهاو ئاگادار كراوەتەوە لە حالەتی گیان لەدەستدانی جووتیارێك لەناو زەوییە كشتوكاڵییەكانی خۆیدا لە گوندی "قەراوێز" و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیشدا بۆیان دەركەوتووە كە رووداوی گیان لە دەستدانەكە بەهۆی بەركەوتنی هەورە برووسكە بووە. 

سەدروڵا بابلی قائیمقامی سەرپێلی زەهاو بۆ میدیاكان ئاشكرای كردووە، تیمەكانی تەندروستی و پۆلیس گەیشتوونەتە گوندی قەراوێز و بۆیان دەركەوتووە جووتیارێكی گەنجی تەمەن 30 ساڵ لەكاتی ئاوداندا هەورە برووسكە لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە. 

بەپێی میدیاكانی ئێران، جووتیارەكە تەمەنی 30 سالە و خەڵكی گوندی قەراوێزە و رووداوی گیان لەدەستدانەكەی بۆ دوێنێ شەو دەگەڕێتەوە. 

گوندی قەراوێز سەر بە شارۆكەی سەرپێلی زەهاوی پارێزگای كرمانشانە و بەپێی دەستەی ئاماری ئێران ژمارەی دانیشتووانی گوندەكە تەنیا 398 كەسە و لە 86 خانەوادە پێك دێت.


وشە - تایبه‌ت