كێ لەپشت ئەو گرووپەن كە موقتەدا سەدر بە ئیمام مەهدی دادەنێن؟

:: PM:08:01:21/05/2023 ‌

لە ماوەی دواییدا گرووپێكی توندڕۆ لەناو رەوتی سەدر دەركەوتوون، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە موقتەدا سەدر ئیمام مەهدی چاوەڕوانكراوە، كە موسڵمانان، بەتایبەتی شیعە زۆر بە پەلەتر چاوەڕوانی دەكەن، ئەوان بەم دواییە تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاو كردەوە ئاماژەیان كرد كە روو لە نەجەف دەكەن بۆ بەیعەتدان بە موقتەدا سەدر وەك مەهدی چاوەڕوانكراو، دوای ئەوە بەرەو بەغدا دەچن بۆ رووخاندنی حكوومەتەكەی سوودانی، بەڵام ئەوان كێن و مەبەستیان چییە و كێ لەپشتیانەوەیە؟ 

گرووپێك لەناو رەوتی سەدر دەركەوتووە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن موقتەدا سەدر ئیمام مەهدییە، تۆمارێكی كورتی ڤیدیۆیی هەڕەشەئامێزیان بڵاو كردەوە، تیایدا سێ كەسی دەمامكداری سەر بە گرووپی "خاوەن پرسەكە"، ئاڵایەكیان هەڵگرتبوو لەسەری نووسراوە، بەیعەت بە ئیمانی چاكەخواز و چاوەڕوانكراو موقتەدای مەهدی نەتەوەكان دەدەین.

یەكێك لەو سێ كەسە بەیاننامەیەكی خوێندەوە گوتی، دوو هەنگاو بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو ئیمامە چاكەخواز و دەستپاكە وەردەگرین، یەكەم، پێویستە یەكدەست بین و بەیعەت بە موقتەدا سەدر بدین و بڵێین، ئەی مەهدی و رێپێشاندەری نەتەوەكان، هاتووین بەگیان و جەستە و ماڵ و كەسوكارمان و بە هەموو شتێك بەیعەتت پێ بدەین، داوای شكاندنی دابڕانەكە و گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی خوایی دەكەین.

دووەم/ دوای بەیعەتدان روو لە بەغدا پایەتەختی گەندەڵی و گەندەڵكاران دەكەین بۆ كودەتا بەسەر دەوڵەتی بەنی عەباس، كە محەمەد شیاع سوودانی سوفیانی سەردەم سەركردایەتی دەكات، بۆ راماڵینی دەوڵەتی گەندەڵی و گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنەكەی، كە موقتەدا سەدرە، چونكە دەبێت دەوڵەت و سەركردایەتی تەنیا بەدەستی چاكەخواز و دەستپاكەوە بێت.  

دەركەوتنی ئەو گرووپە توندڕۆیە لەناو ریزەكانی رەوتی سەدر، مشتومڕ و گومانی دروست كردووە، بەوەی رەنگە هەندێك لە هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران لە پشت ئەو گرووپەوە بن و وەك ئامرازێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیەتییەكانی و لاوازكردنی بەكاری بێنن، كاتێك ژمارەیەك لە شرۆڤەكارانی سیاسی و چالاكانی سۆشیال میدیا هێرشیان كردە سەر گرووپەكە و هەندێكی تریان چەند لایەنێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگیان بە هەوڵی لێكهەڵوەشانەوە و لاوازكردنی رەوتی سەدر تۆمەتبار كرد.

غازی فەیسەڵ توێژەری سیاسی دەڵێت، لە گوتاری دوایی موقتەدا سەدر دیارە كە پێی وایە ئەو بابەتە و ئەو گرووپە دروستكراوە، ئەوان كار لەسەر شێواندنی ناوبانگی موقتەدا سەدر و رەوتەكەی و بەلاڕێدابردنی رای گشتی دەكەن، چونكە بانگەشەكردن بەوەی موقتەدا سەدر ئیمام مەهدییە، زیانێكی گەورە بە مێژووی ئەو دەگەیەنێت و دەیخەنە ناو سیستمی تەڵەكەبازی و ئەفسانەكانەوە.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە كە بۆیەش موقتەدا سەدر لە سەرەتاوە بوون و كارەكانی ئەو گرووپە رەت دەكاتەوە، بۆ خۆدوورخستنەوە لەو خورافاتە، ئەوانەشی لەپشت ئەو گرووپەن و دروستیان كردووە، چەند حزب و رەوتێكن كە لەناو پرۆسەی سیاسیدا هەن و لە ململانێیەكی كراوە و ئاشكران لەگەڵ موقتەدا سەدر و هەموو ئامرازێكی شەرعی و ناشەرعی لەو ململانێیە بەكاردێنن، بۆیە ئەوان دەیانەوێ لەو رێگایەوە رەوتی سەدر لێكهەڵوەشێننەوە و تواناكانی بۆ بنیاتنانی ستراتیجیەتی نیشتمانی و دروستكردنی هاوسەنگی و كاریگەری لەسەر شەقام و نەیاری بۆ حكوومەتیی ئێستە و لە هەڵبژاردن نەهێڵن. 

لای خۆیەوە موجاهید تائی، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەگەر ئەو گرووپە كارێكی شەرعی دەكەن، بۆچی ئەندامانی دەمامكیان كردووە، بە هاوشێوەی گرووپە دەمامكدارەكانی پێشتر لەدوای هێرشە مووشەكییەكان دەردەكەوتن، وەك ئاماژەیەك بۆ گرووپی "ئەسحاب ئەلكەهف"، بۆیە دەبێت كامە میلیشیا لە پشت گرووپی "خاوەن دۆسیەكە" بێت؟

چالاكێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی ساڵح جوندی قائید، ئاماژەی كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەپشت ئەو ڤیدیۆیەوە، ئەگینا هیچ بابەت و پرسێك لەئارادا نییە، مەبەست لێ هەر خۆپێشاندانێك لە داهاتوو لە دژی حكوومەت بێتە سازكردن، بە ناوی ئەو گرووپەوە تۆمەتبار دەكرێن، بۆیە ئەو كارانەتان سوودی نییە و دەستتان ئاشكرایە.

لای خۆیەوە عەمەر ساعیدی، چالاكێكی تر دەڵێت، ئەو گرووپە هیچ جۆرە پێوەندییەكی بە رەوتی سەدرەوە نییە، ئەوان سەدری نین و بریتین لە بەكرێگیراو و پاڵپشتیكراو لە دەرەوە بۆ نەیاریكردنی موقتەدا سەدر و رەوتی سەدر، سەیف خالیدی، چالاكێكی ترە گوتی، ئەو گرووپە لە لایەن لایەنێكی سیاسییەوە ئاراستە كراون بە مەبەستی بچووككردنەوەی رەوتی سەدر و هەوڵێكە بۆ وێناكردن و پێشاندانی لایەنگرانی سەدر وەك ئەوەی لە دین لایان داوە، كەچی چالاكێكی تر بەناوی ئۆرین دەڵێت، ئەو گرووپە كەسانێكن لەناو رەوتی سەدر، بەڵگەش ئەوەیە موقتەدا سەدر خۆی ددانی بەوە داناوە و رەتیان دەكاتەوە و هێرشیان دەكاتە سەر.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل