خاوەن كیڵگەیەك لەلایەن ئاژەڵەكانییەوە دەخورێت

:: PM:09:13:21/05/2023 ‌

لە ناوچەیەكی سلۆڤاكیا خاوەن كیڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵ گیان لەدەست دەدات، ئەوەش دوای ئەوەی لە لایەن دوو شێرەوە هێرشی كراوەتە سەر و بەشی زۆری جەستەیان خواردووە.

وەك رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی باسی كردووە، رووداوەكە لە شارەدێی كیسۆكی نۆڤی میستۆ لە سلۆڤاگیا رووی داوە، كە خاوەن كیڵگەیەك 16 ئاژەڵی كێوی دڕندەی هەبووە، لە لایەن دوو شێرەوە هێرشی كراوەتە سەر و پۆلیس تەنیا چەند بەشێكی كەمی جەستەیان دۆزیوەتەوە.

سۆزانا سیڤجیكۆڤا، گوتەبیژ بەناوی پۆلیسی ناوچەی زیلینا دەڵێت، هەواڵمان پێ گەیشت كە ئەو پیاوە دوای رۆیشتنی بۆ كیڵگەكەی، كە ژمارەیەك ئاژەڵی دڕندەی تیادایە، نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە تیمەكان بەرەو كیڵگەكە چوون و لەوێ پاشماوەی جەستەی خوراوی پیاوەكەیان دۆزییەوە، هۆكاری گیانلەدەستدانیشی لە لایەن پزیشكی دادوە دیاری دەكرێت.

لای خۆیەوە ئەلینا كركۆڤا، گوتەبێژ بەناوی خزمەتگوزاری فریاگوزاری گوتی، چەند بەشێكی جەستەی قوربانییەكە لە شوێنی رووداوەكە دۆزراوەتەوە، میدیا ناوخۆییەكان ئاماژەیان كرد كە خاوەن كیڵگەكە كە ناوی جۆزیڤە، لە 2017 لەگەڵ حكوومەت لە رووبەڕووبوونەوەدایە لەسەر ئەو ئاژەڵانەی، لەلایەن رێكخراوەكانی مافی ئاژەڵیشەوە دووچاری رەخنە هاتووەتەوە.

ئێستە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە تاوتوێی چۆنیەتی چارەسەركردن بابەتی ئەو ئاژەڵانە دەكەن، چونكە وەك وەزیری كشتوكاڵی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەگەری هەیە رووداوی هاوشێوە روو بداتەوە، چونكە ئەگەر هەیە ئەو ئاژەڵانە رەچە و حەزی راوكردن و خواردنی گۆشتی مرۆڤیان بۆ بگەڕێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل