بە گوتەی پەرلەمانتار و شارەزایان كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هیچ گرفتێكی تێدا نییە و بۆ ئەوەیە لە ماوەی كە ماوە ئامادەسازی و كارەكانی خۆی تایبەت بە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدا و فریا بكەوێت، كاراكردنەوەشی لە بەرژەوەندیی گشتییە و دژی هیچ لایەنێك نییە.
لەو بارەوە سەعید هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هیچ گرفتێكی تێدا نییە و بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان یاساییە و كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە و ئەو بابەتە تێپەڕی، بۆیە ئێستە ئەوەی گرنگە هەمووان هاوكار بین بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكە ئەو ماوەی لەبەردەمیەتی ئامادەسازی تەواو بكات بۆ هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی گرنگ بوو و لە بەرژەوەندیی هەمووانە و بۆ تاكە لایەنێك نییە، چونكە دەزگاكە لە نوێنەری پێنج لایەن پێك هاتووە و دەبێت كارا بێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، دووپاتی كردەوە كە هەر لایەنێكیش ئەمە بۆ دژایەتیی خۆی دەزانێت ئەوە بەو جۆرە نییە.
لای خۆیەوە نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی گوت، لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەزگەیەكی پیرۆزی گەلە و شوێنی یاسادانانە و نوێنەری چەندان لایەنی تیادایە كە نوێنەرایەتیی گەل دەكەن، بە پێویست نازانرێت لەناو پەرلەمان كێشە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دروست بكرێت، چونكە كۆمسیۆن ئەو شوێنەیە كە تایبەتە بە هەڵبژاردن و رێكخستنی ئیشوكار و ئامادەكارییەكان، ئەوە مافێكی هاووڵاتییانە و هیچ كەس لەگەڵ ئەوەدا نییە گرفت بۆ كۆمسیۆن دروست بكرێت، بۆیە كۆمسیۆن شوێنێكە لەوێوە دیموكراسی گەل دروست دەبێت.
روونی كردەوە، لەبەر ئەوە هەر لایەنێك دەستپێشخەربێت لە كارانەكردنەوەی كۆمسیۆن، دژی دیموكراسی و گەل وەستاوەتەوە، كۆمسیۆن كارا بێت زیان بە هیچ لایەك ناگەیەنێت و لە حاڵەتی ئامادەسازیدایە بۆ هەر كاتێك كوردستان پێویستی بێت، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە، بۆیە ئەگەر لە ئێستەوە كۆمسیۆن كارا نەكرێت، كەواتە ناتوانن ئامادەكاری بكەن و فریا ناكەون، ئەو لایەنەشی گرفت بۆ كۆمسیۆن دروست بكات دیارە لەگەڵ ئەوەدا نییە كە هەڵبژاردن بكرێت.
پێوەست بەو پرسە كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئاستەنگ و كێشە هەبوو، بە تایبەتی لە شەش مانگی رابردوو، لە هەرێم چەقبەستوویی هەبوو لە داخوازییەكانی یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، هەڵبژاردن ساڵێك دوا خراوە و تەمەنی پەرلەمان درێژ كرایەوە، دواتر وردە وردە گرفتی گەورە دروست دەكرا، بەڵام دواتر سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری كرد و نەفەسێكی بە بەر حزبەكان و خەڵكیش هێنایەوە، بۆیە ئاراستەیەكی زۆر باشی گرت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوو كە هەڵبژاردن نەكرێت.
زیاتر گوتی، یەكێتی لەگەڵ یەك بازنەیی نەبوو و داوای چوار بازنەیی دەكرد، دواتر بیانووی تۆماری دەنگدەرانیان كردە كێشە، دواتر پرسی پێكهاتەكان هاتە پێشەوە و داوامان كرد خۆیان بڕیار بدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هەندێك گرفتی یەكخستنی داهات هاتە ئاراوە، ئێستەش پرسی كۆمسیۆنە، ئاماژەی كرد، ئەم كۆمسیۆنە كارا نەكرێتەوە دەكەوینە بۆشایی یاساییەوە، گوشارێكی دەرەكی لەسەر هەرێم هەیە و دەبێت هەرێمی كوردستان ئەمساڵ هەڵبژاردن بكات، یەكێتیش نە بە كورسی رابردوو، كە پارتی 38 كورسی هەبوو، نە بەوەی ئێستە بە هیچ شتێك رازی نییە، ئەمە ئەوپەڕی ئاغایەتییە.
"دەبوو سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی بخستایەتە دەنگدانەوە، یەكێتی بەو جۆرەی ئێستە دەیكات بەرپرسیاریەتی بۆ پاراستنی قەوارەی كوردستان لە ئەستۆ ناگرێت، هیچ كاتی ئەوە نەماوە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوا بخرێت، ناكرێت هەموو شتەكان بە بیانووی یەكێتی بچن بەڕێوە و قسە قسەی یەكێتی بێت، كە نیوەی كورسییەكانی پارتی نییە، ئەو شێوە سیاسەتەی ئێستە یەكێتی دەیكات خراپە و پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەیە گفتوگۆ و دانیشتن بەردەوام بێت، كۆمسیۆن تەنیا بۆ پارتی كارا نەكراوەتەوە و بۆ هەموو لایەنەكانی تریشە كە نوێنەریان هەیە"، كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی وای گوت.
وشە/ تایبەت