سەركۆماری عێراق تووشی رووداو بووە؟

:: PM:11:31:22/05/2023 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هاتە بڵاوكردنەوە كە لەتیف رەشید، سەركۆماری عێراق لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانی بۆ بەغدا لە پەیژەی فڕۆكەكەی بەربووەتەوە، بەو هۆیەوە چەند شوێنێكی بریندار بووە، دوو سەرچاوەی جیاواز یەكیان دووپاتی دەكاتەوە و یەكێكیان رەتی دەكاتەوە كە رووداوەكە روویدابێت.

بەپێی ماڵپەڕەكانی "بەغداد ئەلیەوم" و "ئەلموتەلع"، لە دوو سەرچاوە دووپاتیان كردەوە كە لەتیف رەشید، سەركۆماری عێراق لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا لە فڕۆكەخانە لە كاتی هاتنەخوارەوەی لە فڕۆكەكەی كەوتووەتە خوارەوە، بەو هۆیەوە چەند شوێنێكی زیانی بەر كەوتووە.

لەو كاتەی ئەو سەرچاوانە باسی ئەوە دەكەن كە ئەو تووشی شكانی دەستی و ددانی و برینداربوونی دەمی بووەتەوە و دوای چارەسەری ئێستە دۆخی باشە، بەپێی ماڵپەڕی "سۆمەرییە نیوز"، سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەركۆماری عێراق رەتی كردەوە لەتیف رەشید دووچاری رووداو بووبێت. 

بەپێی سەرچاوەكە تەندروستی سەركۆمار باشە و تووشی رووداو نەبووە وەك هەندێك لە پەیجەكان باسی دەكەن. 

شایەنی باشە د. لەتیف رەشید، لە 13ی تشرینی یەكەمی 2022 وەك كاندیدی سەربەخۆ بە سەركۆماری عێراق هاتە هەڵبژاردن، ئەو لەدایكبووی 1944ی شاری سلێمانییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل