دانوستانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل دەستی پێ كرد

:: AM:08:57:23/05/2023 ‌
"كەناڵی 12"ی عیبری ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، دانوستانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی بەحرێن دەستی پێ كرد، بەڵام پێدەچێ ددانوستانەكە ئاڵۆز بێت بەوەی سعوودیە مەرجی قورسی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 23ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ پێوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان میرنشینی سعوودیە محەمەد بن سەلمان و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ لە بەحرێن ئەنجام درا، ئەوەیش بە دەستپێكی دانوستانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان هەژمار دەكرێت. بەڵام ئامااژە بە قورسیی دانوستانەكە كراوە.

كەناڵە عیبرییەكە روونی كردووەتەوە، ئەو دانوستانە بە ناوەندگیریی بەحرێن و بە پاڵەپەستۆی ئەمەریكایە، بۆ ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن لە نزیكەوە ئەو پاڵەپەستۆیەی خستووەتە سەر هەردوو وڵات تا پێوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە.

دوێنێ میرنشینی سعوودیە گەیشتە مەنامەی پایەتەختی بەحرێن، لەوێوە لەڕێی وەزیری دەرەوەی بەحرێن عەبدولەتیف زیانی دانوستانەكە دەستی پێ كرد كە بن سەلمان و نەتەنیاهۆ بۆ ماوەیەك لەڕێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان كردووە. دەستنیشانی بەحرێن وەك ناوەندگیر بۆ دانوستانەكە، لەسەر داوای سعوودیە بووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكە بۆ كەناڵە عیبرییەكە رای گەیاندووە، دانوستانەكە زۆر ئاڵۆزە كە بە پاڵەپەستۆی بایدن دەكرێت، لایەنی سعوودی مەرجی قورسی بۆ دانوستانەكە داناوە تا بتوانێ لەگەڵ ئیسرائیل رێك بكەوێت، یەك لە مەرجەكانی سازشكردنی ئیسرائیلە بۆ دۆزی فەلەستین.

بەپێی راپۆرتی كەناڵەكە، بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل رەتی نەكردەوە كە دانوستانی سعوودیە و ئیسرائیل دەستی پێ كردووە و گوتوویەتی، لە چەند هەفتەیەكی تری داهاتوو، زیاتر دەزانین ئاراستەكان بۆ كوێ دەڕۆن، هاوكات پێویستیمان بە بەحرێن نییە وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ سعوودیە، چونكە ئێمە واشنتنمان هەیە.

ئەمەریكا بە هەموو توانای خۆی هەوڵی ئەوە دەدات كە پێوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكان لەڕووی سیاسی و ئابووری و بوارەكانی تر ئاسایی بكاتەوە. تا ئێستە میسر، ئوردن، بەحرێن و ئیمارات، پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئێستەیش هەوڵی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل دەدرێ.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د