ڕۆژنامه‌ی
واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی ئیشان ساروری له‌سه‌ر لێكه‌وته‌كانی به‌شداری به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ڕژێمی به‌عسی سووریا له دیداری لووتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی له شاری جه‌دده‌ی سعوودیه بڵاوكردووه‌ته‌وه و به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌ڕاوه، كه ئاخۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی سووریا، چ گۆڕانكارییه‌ك به دوای خۆیدا ده‌هێنێت و دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌وی كوێ ده‌بات؟ له به‌ره‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانیش ڕۆژنامه‌كه ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، كه لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه پێچه‌وانه‌ی خواستی سعوودیه و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌بێت، بۆ ڕوانین و داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له راپۆرته‌كه هاتووه، كه ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د بۆ كۆمكاری عه‌ره‌بی هه‌وڵێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی و توندوتیژییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌یش دوای چه‌ندان ساڵ له فره‌جه‌مسه‌ری و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن دێ له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه به گشتی. هاوكات ئه‌مه وایكرد كه شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن و پڕ له قوربانی و وێرانكاری به‌رۆكی سووریا بگرێ و ته‌نگژه‌ی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام درێژ و درێژتر ببێته‌وه، ئێسته وڵاتانی عه‌ره‌بی به گشتی و سعوودیه به تایبه‌تی ده‌یه‌وێ له ڕێی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د بۆ كۆمكاری عه‌ره‌بی و ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته كۆتایی به ته‌نگژه‌ی سووریا بهێنێت.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، دیمه‌نه‌كان خه‌مگین و بێزاركهربوون، كاتێك به‌شار ئه‌سه‌د به‌و هه‌موو تاوانه‌ی ئه‌نجامی داوه، به خه‌نده‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌دده پێشوازی لێكرا و محه‌مه‌د بن سه‌لمانی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه باوه‌شی پێداكرد و یه‌كتریان له ئامێز گرت، پاشان ئه‌سه‌د له دیداری لووتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شداری كرد و هه‌مووان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و سووریایان بۆ نێو كۆمكاری عه‌ره‌بی پێشوازی لێ‌كرد و به‌خێرهاتنیان لێ‌كرد.
ئه‌مه ڕۆژێك بوو كه چه‌ندان ساڵه به‌شار ئه‌سه‌د چاوه‌ڕوانی ده‌كات و هه‌میشه‌یش له گوماندا بوو كه خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌و ڕۆژه بگه‌نه‌وه، چونكه زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له دوای سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له سووریا به هه‌موو تواناوه پشتیوانی به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكارانی ڕژێمی به‌عسی سووریایان ده‌كرد، تا كۆتایی به ڕژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تیی به‌شار ئه‌سه‌د له وڵاته‌كه بهێنێنن. له‌و پێناوه‌یشدا سه‌دان ملیۆن دۆلار و هه‌زاران تۆن چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیان به هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دا، كه‌چی ئێسته به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواستانه‌یان هه‌نگاو ده‌نێن و باوه‌ش به ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و به گه‌رمی پێشوازی لێ ده‌كه‌ن.
ئه‌و هه‌نگاوه زۆرینه‌ی ڕه‌های هاووڵاتییانی سووریای تووڕه و بێزار كرد و به سه‌رسامییه‌وه له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی سووریا ده‌ڕوانن، ڕه‌زان سفوور چالاكی سووری له به‌ریتانیا له‌وباره‌وه گوتی، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خه‌ڵكی سووریای به ته‌واوی له‌خشته‌برد. هاوكات وه‌فا عه‌لی مسته‌فا چالاكێكی تری سووری نیشته‌جێی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێ، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و هه‌موو تاوانه قێزه‌وه‌نه بخه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌سه‌ده‌وه، به خه‌نده‌وه پێشوازییان لێ‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی پاداشتی بكه‌ن له پای ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی له 12 ساڵی ڕابردوو له كوشتوبڕ و خوێنڕێژی دژ به خه‌ڵكی سووریا ئه‌نجامی داوه.
محه‌مه‌د بن سه‌لمان و ده‌سه‌ڵاتی شاهانه‌ی سعوودیه كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستێكی ئارام و دوور له توندوتیژی
هه‌نگاونانی سعوودیه به‌و ئاراسته‌یه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه محه‌مه‌د بن سه‌لمان و ده‌سه‌ڵاتی شاهانه‌ی سعوودیه كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستێكی ئارام و دوور له توندوتیژی به تایبه‌ت له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و له ناوخۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی دا، بۆیه بن سه‌لمان هیوا و ئومێدی خواست كه گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ كۆمكاری عه‌ره‌بی ببێته یارمه‌تیده‌رێك تا كۆتایی به ته‌نگژه‌ی سووریا بهێنێت و توندوتیژی له‌و وڵاته كۆتایی پێ بێت. بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌یش ڕیاز نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی سووریا، بگره له ماوه‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئێرانیش ڕێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی واژوو كرد، به‌و هیوایه‌ی كه ئێران چیتر حووسییه‌كان به‌كارنه‌هێنێت و به پشتیوانی ئێران دۆخی یه‌مه‌ن به ته‌واوی ئاسایی بكرێته‌وه و شه‌ڕ و توندوتیژی له‌و وڵاته‌یش كۆتایی بێت.
ئێچ هیلیه‌ر توێژه‌ر له ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئاڕ ی‌و ئێس ئای له به‌ریتانیا له‌وباره‌وه ئاماژه‌ی داوه، ئیماڕات یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بوو كه به ئاراسته‌ی ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی هه‌نگاوی نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سعوودیه پێشكه‌شی ڕژێمی سووریای كرد، ئیماڕات هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌هاوێشت، بگره به خۆپارێزی و وردییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات، كه‌چی سعوودیه ده‌یه‌وێ دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ڕێژه‌ی سفر له سه‌دی كێشه بگۆڕێت، له‌و پێناوه‌یشدا هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه پێشتر خودی خۆیشی گرتوویه‌تییه‌به‌ر، ئێسته دژی هه‌نگاوه‌كانی خۆیشی بڕیار ده‌دات و به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا به بڕوای شاره‌زایان و توێژه‌ران دواجار ئه‌و ئامانجه‌ی سعوودیه به پێچه‌وانه‌وه دێته دی، واته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئارامی به‌خۆیه‌وه نابینێت و ناتوانرێ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت، بگره ئه‌و سیحره‌ی كه سعوودیه خه‌ریكی ئه‌نجامدانیه‌تی، دواجار چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له دژی ساحیره‌كه هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه.