پێوەندی پەكەكە و كەمپی مەخموور بە تەنگژەكانی عێراق و توركیا چییە؟

:: PM:07:00:23/05/2023 ‌

لە دەیەكانی دواییدا، توركیا سیاسەتی دەستوەردانی سەربازی و تەناهی و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە وڵاتانی دەوروبەری بە رژدی پیادە كردووە، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، مەبەستی ئەو بەهێزكردنی ئابووری و دەسەڵاتەكانیەتی لە ناوچەكە و لەسەر ئاستی دنیادا، هاوكات پەكەكە بەدەر لەوەی بە رووكەش حزبێكی چەكداری نەیارە بۆ توركیا، بەڵام بەگشتی زۆر جار خزمەتی ئەجینداكانی ئەنقەرە و فرەوانخوازی و دەستوەردانەكانی كردووە.

بە دداننانی بەرپرسانی سیاسی كوردانی رۆژئاوا، پەكەكە بووەتە بەڵا بەسەر ناوچە كوردییەكان، بەشێوەیەك تا ئێستە دۆزی كورد لە سووریا هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، تەنانەت ئاڵای كوردستانیش لەو ناوچانە هەڵنەكراوە، واتە پەیەدە لە بازنەی هزر و ئەجیندا نادیارەكانی پەكەكە دەرناچێت، ئەوەش وای كردووە لەسەر ئەو حسێب بكرێت و لە سووریا پاساوێك بۆ دەستوەردانی توركیا دروست بكات، وەك ئەوەی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و قەندیل و شنگال و مەخموور دروستی كردووە.

عێراق و توركیا وەك دوو وڵاتی دراوسێ پێوەندی باشی ئابووری و بازرگانیان هەیە، هاوكات چەند تەنگژەیەكیان هەیە، لەوانە ئاو و بوونی پەكەكە و دەستوەردانی سیاسی و حەز و خواستە مێژووییەكانی ئەنقەرە و بە هیخۆ زانینی ویلایەتی مووسڵ و كەركووك بەتایبەتی، تا ئێستە پرسی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا چارەسەر نەكراوە و بەردەوامە، كە ئەوەش گفتوگۆی رژدی نێوان هەردوولای دەوێ لە دوای هەڵبژاردنەكانی توركیا، كە لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت.

بەگشتی توركیا ئاوی هەیە و نەوتی هەرزانی لە عێراق دەوێت، دەیەوێت عێراق ببێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆی بە هاوشێوەی ئێران، وەك بازاڕێك بۆ كاڵاكانی و رێگەیەكیش بۆ گەیاندنی نەوت و بازرگانی عێراق بە دنیا و ئەوروپا و وەرگرتنی كرێی ئەو كارەی، هاوكات بەردانەوەی ئاویش لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی دەبێت.

بوونی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم و عێراق رەهەندێكی عێراقی و نێودەوڵەتی فرەڕووی هەیە، ئەوەی سوودی لێ نابینێت، كورد و هەرێمی كوردستانە، ئەگینا خۆی و توركیا و ئێران و عێراق سوودی لێ دەبینن، بەگشتی پەكەكە بۆ توركیا پاساوێكە بۆ بوونی سەربازییانە و لەشكركێشی و هێرشەكانی و سەپاندنی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی لە عێراق، ئەوەش بۆ یەكلاكردنەوەی تەنگژەكانی لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندی خۆی و ناچاركردن و لاوازكردنی زیاتری هەڵوێستی بەغدا، عێراقیش لەلایەك وەك كارتێكی گوشاری بۆ سەر ئەنقەرە، لەلایەكی تر وەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تاران دەستی بە بوونی پەكەكە لەسەر خاكەكەی گرتووە، چونكە پەكەكە چۆن سوود بە توركیا دەگەیەنێت، زیاتر سوودی بۆ تاران هەیە، لە رێگەی دابینكردنی رێگەیەكی وشكانی بەرەو سووریا و لبنان، كاتێك لە هەردوو بەری سنوورەكانی عێراق و سووریا باڵادەستە.

لە شەمووی رابردووەوە هێزێكی سەربازیی عێراق چوونەتە سەر كەمپی مەخموور تایبەت بە ئاوارەی كوردانی باكور، ئەوان دەیانەوێ تەڵبەندی بكەن و نوێنەری حكوومەتی عێراق بچنە ناو كەمپەكەوە، بە كورتی دەیانەوێ دەرەوە و ناوەوە كەمپەكە كۆنترۆڵ بكەن و ئیدارەكەی لە پەكەكە وەربگرنەوە، بەپێی سەرچاوەكان ئەو جموجۆڵە سەربازییەی عێراق لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی عێراق بۆ توركیا دێت، كە لە میانی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوو بۆ ئەنقەرە ئەنجامی دا.   

بەپێی زانیارییەكان پەكەكە كۆنترۆڵی تەواوی كەمپی مەخموور دەكات و كوڕ و كچانی كەمپەكە دەباتە ریزەكانییەوە و كردوویەتییە بنكەیەكی ئیداری و راگەیاندن و رێكخستنەكانی خۆی، بۆیە عێراق بۆ رازیكردنی توركیا ئەو كارە دەكات، ئێستەش دوو فەوجی سەربازی عێراقی لە دەوروبەری كەمپەكە جێگیر كراون و گەمارۆیان داوە، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە بچنە ناوییەوە، ئەو كەمپەی نزیكەی 12 هەزار كەسی تیادا دەژیت. 

وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە دەڵێت، بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و توركیا، دەبێت كۆتایی بە بوونی پەكەكە لە عێراق بێت، ئەوەشی لە كەمپی مەخموور دەكرێت سەرەتایەكە بۆ ئەو كارە، روونی كردەوە، یەكێك لە مەرجەكانی رێككەوتنی ئاو لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا، دەركردنی پەكەكەیە، كە ماوەیەكە خەریكی رێكخستنی گەنجانی كەمپی مەخموورە و رەوانەی سەربازگەكانی قەندیل و شنگال و قەرەچووغیان دەكات.

زیاتر گوتی، پەكەكە 211 گەنجی شنگال و كەمپی مەخمووری بێ رەزامەندی كەسوكاریان رفاندووە بۆ رێكخستنیان لە ریزەكانی، كارەكانی پەكەكە بووەتە شەرمەزاری بۆ حكوومەتی عێراق، بۆیە بەغدا بە كردەنی دەستی كردووە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو حزبە، پرسی كەمپی مەخمووریش یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالە لە نێوان هەولێر و بەغدا. 

سەلام جاف، توێژەر دەڵێت، ئێستە عێراق لەبەردەم دوو بژارەیە، مانەوەی پەكەكە یان دەستكەوتنی ئاو لە توركیا، بەتایبەتی كە باشووری عێراق بەدەست بێئاوی و وشكهەڵگەڕان و سوێری خاك و ئاوەكەی دەناڵێنێت، ئاخۆ لە هەردوو مانگی حەوت و هەشت دۆخەكە چۆن دەبێت؟، بۆیە ئەگەری زۆرە عێراق بەپیر داوای توركیا بێت، بەتایبەتی كاتێك پەكەكە كەمپی مەخموور بۆ پەردەپۆشكردنی چالاكییەكانی بەكاردێنێت و دەیەوێ وا لە رای گشتی بگەیەنێت كە حكوومەتی عێراق ئاوارەكان دەكاتە ئامانج. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل