ئاماری تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەڵكشانە

:: PM:08:20:23/05/2023 ‌

یەكێك لەو پەتایانەی لە عێراق بڵاوبووەتەوە تای خوێنبەربوونە، ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییەی لە رێگەی رەشەوڵاخ و مەروماڵاتی نەخۆشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، كاتێك مرۆڤ بەر گۆشت و خوێنەكەی دەكەوێت، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق تووشبوون بە پەتاكە روو لە هەڵكشانە.

روبا قەلاح حەسەن، لە راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، تێبینی زیادبوونی حاڵەتەكانی تای خوێنبەربوونمان كردووە، بە پێی دوایین ئامارەكان ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 128 حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە 18 حاڵەت، زیاترین حاڵەتەكانیش لە پارێزگەی زیقارە لە باشووری عێراق.

روونی كردەوە، هاوكات لەگەڵ ئەو هەڵكشانە تیمەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە گەڕان بەسەر دووكانەكانی قەسابی و گۆشتفرۆشی بەردەوامە، بۆ چاودێریكردنی پابەندیان بە مەرج و رێنوێنییەكان و هۆشیاركردنەوەیان لەبارەی گرنگیی پاكوخاوێنی كەسی و دووكانەكانیان و ئەو كەرەستانەشی لە كوشتنەوە و پارچەكردنی گۆشتەكە كە بەكاری دێنن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی كرد، رۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و خۆپاراستن و هۆشیاركردنەوەیە لەبارەی مەترسی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی و پێشكەشكردنی چاودێری تەندروستی و چارەسەرییە بۆ تووشبووان، هەرچی وەزارەتی كشتوكاڵە رۆڵی رووبەڕووبوونەوەی ئەو مێرووەیە كە نەخۆشییەكە دەگوازێتەوە، واتە گەنە، لە رێگەی بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەر و چارەسەركردنی ئاژەڵە نەخۆشەكان ، جگە لە رۆڵی لایەنی تر بە رێگرتن لە كوشتنەوەی هەرەمەكی و نایاسایی ئاژەڵەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل