دڵی مرۆڤ لە كاتی پژمیندا دەوەستێت؟

:: PM:09:01:23/05/2023 ‌

پژمین بریتییە لە هاتنەدەرەوەی خۆنەویستانە و بەهێزی هەوای سییەكان لە رێگەی لووت و دەمەوە، جووڵانەوەیەكی بەسوودە بۆ مرۆڤ، چونكە لەش لەو تەنۆڵكانە رزگار دەكات كە هەستیاری بۆ دروست دەكەن، هەندێك دەڵێن لەكاتی پژمیندا دڵ دەوەستێت، ئەو قسە چەند راستە؟

د. ئوسامە ئەبو رەب، پزیشكی پسپۆڕ ئاماژە دەكات كە نەخێر دڵ ناوەستێت، بەڵكو كاتێك بەر لە پژمین هەوا بەخێرایی هەڵدەمژیت، پەستانی سەر دڵ زیاد دەكات، بەڵام دوای تەواوبوونی پژمینەكە ئەو پەستانە نامێنێت، بۆیە شتێكی ئاساییە كە تێكڕای لێدانی دڵ لە كاتی پژمیندا زیاد بكات، ئەوەش مانای ئەوە نییە ماسولكەكانی دڵ دەوەستن.

ئەو پزیشكە ترسی خەڵكی دەڕەوێنێتەوە، بەوەی هەرچەندت دەوێ بپژمە، دڵت بەردەوام دەبێت لە كاركردن، بەڵام دەمت داپۆشە با پڕووشكی لیك و شلەی دەمت بۆ دەوروبەرت نەچێت.

ئەوەی هەیە پێوەست بە دڵەوە، لە كاتی پژمیندا بەشێوەیەكی كاتی پەستان لەناو سنگ زیاد دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ دڵ، بۆیە دڵ ناچار دەبێت لێدانی زیاد بكات بۆ پاڵنان و رەوانەكردنی خوێنی پێویست، ئەوەش چركەیەك یان دوو چركە دەخایەنێت تا ئاسایی دەبێتەوە، ئەگینا ئاماژەی كارەبایی دڵ كە كۆنترۆڵی تێكڕای لێدانی دڵ دەكات، بە گۆڕانە فسیۆلۆجییەكانی كاتی پژمین كاریگەر نابێت. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل