چۆن دەزانی منداڵ كێشەی زگماكیی دڵی هەیە؟

:: PM:11:34:23/05/2023 ‌

كێشە یان نەخۆشییەكانی دڵ یەكێكە لە بڵاوترین جۆری نەخۆشییە زگماكییەكان لە منداڵان، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، كار لە تەندروستی و گەشەكردنی دەكات، بۆیە گرنگە زوو دەستنیشان بكرێت و چارەسەر بكرێت، بەڵام چۆن دەزانرێت كە منداڵ ئەو جۆرە كێشەی هەیە؟

پرۆفیسۆر زیاد حیجازی، پسپۆڕی نەخۆشییەكان دڵ لە قەتەر دەڵێت، نەخۆشی زگماكیی دڵ بڵاوترین جۆری نەخۆشییە زگماكییەكانە لە منداڵان، كە لە نێوان 100 منداڵ، یەكێكیان شێوانی زگماكی دڵی هەیە، بەشێكی چارەسەری ئاسانە و بەشێكیشی پێویستی بە نەشتەرگەری و قەستەرە هەیە.

لە هەندێك لە حاڵەتەكان منداڵ راستەوخۆ دوای لەدایكبوونی نیشانەی لەسەر دەردەكەوێت، ئەوەش بەهۆی تەسكبوونەوەی دەمەوانەكانی دڵ، یان پووكانەوەی سكۆڵەكان، دەكرێ لە كاتی دووگیانیدا ئەوانە دەستنیشان بكرێن، لە رێگەی پشكنینی دڵ بە شەپۆلی سەرووی دەنگ یان تیشكی ئیكۆ كاردیۆگرافی، بۆ زانینی بوونی شێوان لە دڵی كۆرپەلە، هەندێك حاڵەتیش نیشانەی نییە و دواتر بەدیار دەكەوێت. 

پێویستە پشكنینی خولی بۆ منداڵ لای پزیشكی منداڵان بكرێت، ئەگەر دەنگێكی نائاسایی لە دڵی هەبێت، رەوانەی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ دەكرێت، بەگشتی ئەگەر منداڵ ئەو نیشانانەی خوارەوەی هەبوو، دەبێت سەردانی پزیشكی منداڵ بكرێت لەوانە، هەناسەتەنگی و شینهەڵگەڕان و بوونی ئازار لە سنگ و خێرابوونی لێدانی دڵ، لەوكاتە گرنگە لێدانی دڵی منداڵ بێتە پێوانەكردن و هیلكاری دڵی بۆ ئەنجام بدرێت. 

ئەگەر هاتوو منداڵی شیرەخۆرە شێوانی زگماكی دڵی هەبوو، لەكاتی لەدایكبوونی پەستانی خوێنی نزمە و شینهەڵگەڕانی هەیە، هەندێك جاریش نیشانەی نییە، بەڵام ئەوكاتەی پزیشكی پسپۆڕ گوێ لە دەنگی دڵی دەگرێت، دەنگێكی نائاسایی دەبیستێت و دەبێت پشكنینی تری بۆ بكرێت.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل