ڕۆژنامه‌ی "العرب"ی له‌نده‌نی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی بێتوانایی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق له پرسی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شارۆكه‌كه و ده‌ركردنی میلیشیاكانی ئێران و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووره‌كه بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، ئێسته به ته‌واوی ڕوونبووه‌ته‌وه، كه حكوومه‌تی سوودانی ده‌سه‌ڵات و توانای به‌سه‌ر میلیشیاكانه‌وه نییه و ناتوانێ ته‌نانه‌ت دۆخی شارۆكه‌یه‌ك ئاسایی بكاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێكه له ژێر ده‌ستی داعش ڕزگاركراوه و خه‌ڵكه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی چاوه‌ڕێی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شارۆكه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی میلیشیاكان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال زۆر به‌ربڵاوه و هه‌ریه‌ك له‌و دوو گرووپه‌یش خه‌ریكی دروستكردنی هێز و گرووپی چه‌كداری نوێ و جیاوازترن، تا ئه‌گه‌ر فشاره‌كان له‌سه‌ریان زۆر چڕبوونه‌وه، ئه‌و گرووپه نوێیانه‌ی دروستیان كردوون له شنگال بمێننه‌وه و كار له پێناو ئه‌و ئامانجانه بكه‌ن، كه به‌وهۆیه‌وه میلیشیاكان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه ناوچه‌كه چۆڵ ناكه‌ن و ناچنه ژێر باری فه‌رمان و بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی شه‌رعی عێراقه‌وه.
شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق توانای به‌سه‌ر دۆسیه‌ی شنگال نییه و ناتوانێ كۆنتڕۆڵی دۆخی ئه‌و شارۆكه‌یه بكات، له‌لایه‌كه‌وه گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران به ڕووی وه‌ستاونه‌ته‌وه و له‌لایه‌كه‌یش دۆسیه‌ی شنگال له دۆسیه‌یه‌كی ناوخۆی عێراق گه‌وره‌تر بووه و ململانێی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ره، به‌وهۆیه‌وه‌یش به‌رده‌وام توركیا بۆردمانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال ده‌كات و سووریشه له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی بۆردمانه‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش ئێران له ڕێی میلیشیاكانییه‌وه ده‌یه‌وێ ئه‌و ناوچه گرنگه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاكانی سه‌ر به‌خۆی بمێننه‌وه.
هێرشه‌كه‌ی دوێنێی توركیا بۆ سه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال كه كوژرانی سێ چه‌كدار و چه‌ندان چه‌كداری تری په‌كه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه، به دووه‌م هێرش داده‌نرێ كه له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه له‌لایه‌ن توركیاوه كراوه‌ته سه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال. ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه دێت، كه یه‌كشه‌می داهاتوو گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه بۆ ڕاكێشانی سۆزی خه‌ڵكی توركیا به تایبه‌تیش نه‌ژادپه‌رسته‌كان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه حكوومه‌تی ئێسته‌ی توركیا كه ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، له‌و بۆردمانانه به‌رده‌وام بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له ڕێی شوێنكه‌وتووه‌كانی گرووپی چه‌كداری یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال "یه‌په‌شه"ی كردووه به به‌شێك له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی تا به‌وهۆیه‌وه له چاوی توركیا ونیان بكات، به‌ڵام توركیا له‌و یارییه ئاگه‌داره و به‌رده‌وامه له بۆردمانكردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه، بێ ئه‌وه‌ی بۆ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه و پابه‌ندی سه‌روه‌ری عێراق بێت، له‌و نێوه‌نده‌یشدا حكوومه‌تی عێراق جیا له ده‌ركردنی به‌یاننامه هیچی تری بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، چونكه بێده‌سه‌ڵات و توانایه له ئاست ئه‌و كێشه و ته‌نگژه‌یه‌ی له شنگال ده‌گوزه‌رێت.
به گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ئه‌ستۆ و ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقدایه، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم و پارێزگه‌كان ئه‌و مافه‌یان پێ نه‌دراوه كه مامه‌ڵه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی له‌م چه‌شنه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه بكه‌ن، هاوكات شنگالیش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی عێراقدایه و به فه‌رمی به‌شێك نییه له‌و ناوچانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سێ ساڵ به‌ر له ئێسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق كه ئه‌وكات له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا، ڕێككه‌وتنی شنگالیان له به‌غدا واژوو كرد، به‌ڵام حكوومه‌تی ئه‌وكاتی كازمی و حكوومه‌تی ئێسته‌ی عێراقیش به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د شیاع سوودانی تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ئه‌و ڕێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكه‌ن و دۆخی شنگال ئاسایی بكه‌نه‌وه و دڵنیای و ده‌سته‌به‌ری سه‌لامه‌تی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و شارۆكه‌یه بكه‌ن، كه تا ئێسته‌یش زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستانن و له كه‌مپه‌كان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌رچی جاران وا باس ده‌كرا، كه به‌غدا له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال كه‌مته‌رخه‌مه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق بێ‌توانا و بێ ده‌سه‌ڵاته به‌رانبه‌ر به میلیشیاكانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یش چوونه‌ته ژێر عه‌بای میلیشیاكان و له ڕێی ئه‌وانیش عه‌بای كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه. به‌ڵام به‌غدا ئاماده نییه ددان به‌و ڕاستییه دا بنێت و سنوورێك بۆ میلیشیاكان له‌لایه‌كه‌وه دابنێت و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یش له ناوچه‌كه دوور بخاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه بهێنێت كه توركیا و ئێران له‌سه‌ر شنگال هه‌یانه و درێژه‌ی پێ ده‌ده‌ن، كه دواجاریش ئه‌م دۆخه درێژه به به‌رده‌وامی بوونی توندوتیژی و نائارامی له عێراق ده‌دات.