لە سنووری هەولێر رەوەسەگێك پەلاماری بەكۆمەڵیان دا و زیانێكی زۆریان دروست كردووە

:: AM:09:04:25/05/2023 ‌
لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، رەوەسەگێك پەلاماری حەسارێكی شوانكارێكیان دا و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر بزنیان كوشت و ژمارەیەكیشان بریندار كرد.

سەگی بێلانە بووەتە كێشەی زۆربەی هاووڵاتییان، لە ماوەی رابردووشدا دەست كراوە بە دروستكردنی شەڵتەرێكی تایبەت بە كۆكردنەوەی سەگ، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، خاوەن ڕانەمەڕێك لە سنووری بەحركە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن رەوەسەگێكی بێلانە، پەلاماری ماڵاتەكەمان دراوە و زیانەكانی یەكجار زۆرە.

زیاتر گوتی، ئەوی تا ئێستە لە بەرچاوانە زیاتر لە 15 سەر بزنی كوشتووە و زیاتر لە 10 سەریش بریندار بوون.

بە گوتەی ئەو خاوەن ماڵاتە كە ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە، ئەوە چەندان جارە سەگی بێلانە پەلاماری ماڵاتەكەیان دەدات، بەڵام ئەمجارە ژمارەیان یەكجار زۆر بووە.

لە هەرێمی كوردستان بەپێی دواین ئاماری رێكخراوەكانی ئاژەڵپارێزی، زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە هەیە، مانگەنەش پەلاماریان بۆ سەر 150 هاووڵاتی هەیە.



وشە - رامیار جەواد