پیلانی پەكەكە لە كەمپی مەخموور ئاشكرابوو

:: PM:12:11:25/05/2023 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، پەكەكە گوشاری لە خەڵكی كەمپەكە كردوووە و هەڕەشەی لێ كردوون دژی سیمكردنی كەمپەكە بوەستنەوە.

لە 20 ـی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵ دەدات بچێتە ناو كەمپی مەخموورەوە و چواردەوری كەمپەكە تەلبەند بكات، لە بەرانبەردا دانیشتووانی كەمپەكە ڕێیان بە هێزەكەی سوپای عێراق گرت و ڕێیان نەدا كەمپەكەیان گەمارۆ بدرێت، دواتر گرژی دروست بوو، ئەمڕۆ سوپای عێراق بە دەوری كەمپەكە دەستی كرد بە لێدانی خەندەق و كۆنترۆڵی دۆخەكەی كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، مەریوان قەرەنی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە مەبەستی تەلبەندكردنی كەمپی مەخموور، كەوتنە جووڵە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دوو ڕێیەوە ئاستەنگی بۆ سەرخستنی ئەم پلانە دروست كرد.

لەبارەی پلانی پەكەكە گوتی، گوشاری لەسەر خەڵكی سڤیلی كەمپی مەخموور كردووە و بە هەڕەشە و گوڕەشە ناچاری كردوون، دژی تەلبەندكردنی كەمپەكەیان بەرانبەر بە سوپای عێراق بوەستنەوە،، لە كاتێكدا خەڵكی سڤیلی كەمپەكە خۆیان بەدەست پەكەكە و كارە نایاساییەكانی و ڕفاندنی منداڵەكانیان بێزار و پەرێشانن.

باسی لەوەش كرد، بەشێك لەو چەكدارانەی (پەكەكە) كە لەناو كەمپی مەخمووردا ئەركی مەشق و راهێنانی چەكدارییان بە خەڵك لە ئەستۆیە، خۆیان وەك خەڵكی سڤیل ناساندووە و لەناو گردبوونەوەی خەڵكە سڤیلەكەدا، هەوڵی پەلاماردانی هێزە تەناهییەكانیان داوە تا گرژی دروست ببێت.

روونی كردەوە، دژی هەر هەوڵێكی بەكارهێنانی ئەو خەڵكە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و خەڵەتاندن و چەكداركردن و گۆڕینی كەمپەكە بۆ بنكەی مەشق و راهێنانی چەكداری و ڕفاندنی منداڵان دەوەستینەوە، دەبێت ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن، بە توندی سنووریان بۆ دابنرێت. 

كەمپی ئاوارەكان لە شارۆكەی مەخموور لە ساڵی 1994 دامەزراوە و خۆیان ئیدارەی خۆیان دەكەن، چەند ساڵی رابردووش تەقینەوە و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو كەمپە هەبووە.

كەمپی شەهید رۆستەم جودی لە مەخموور تایبەتە بە پەنابەرانی باكوری كوردستان، زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتیی تێدا نیشتەجێن و ناو بەناو لەلایەن توركیاوە بۆردمان دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد