دەست بە دابەشكردنی شەش ملیۆن فەردە ئارد دەكرێت

:: PM:01:51:25/05/2023 ‌
وەزیری بازرگانیی عێراق فەرمان بە كۆمپانیای خۆراك دەكات، دەست بكات بە دابەشكردنی ئاردی مانگی چوار، هەفتەی داهاتووش لە هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

دوای بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن فەردە ئارد، وەزیری بازرگانیی عێراق فەرمان بە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك و بە بازاڕكردن دەكات، ئاردی مانگی چوار دابەش بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر فەرمانی ئەسیر داود وەزیری بازرگانی عێراق، لە ئەمڕۆوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگی چوار.

داواش لە بریكارەكان كراوە سەردانی بنكەكانی شارەكان بكەن بۆ وەرگرتنی لیستی مانگی چوار
باس لەوەش كراوە، فەرمانەكە ئاراستەی كۆمپانیای گشتی بۆ بە بازاڕكردنی خۆراك كراوە دەست بكەن بە دابەشكردنی ئارد، داواش لە بریكارەكان كراوە سەردانی بنكەكانی شارەكان بكەن بۆ وەرگرتنی لیستی مانگی چوار، ئەوەیش بەپێی ئەو خشتەیەی لە رابردووەوە كاری پێ‌ دەكرێت.

سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو ئاردەی ئێستە بەرهەم دێت، بەشێكی گەنمی ئەمساڵە و لە پارێزگاكانی باشووری عێراق لە جووتیاران وەرگیراوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو گەنمە لەگەڵ گەنمی ئوسترالی و ئەمەریكی تێكەڵ دەكرێت، ئاردێكی باشی لێ‌ بەرهەم دێت، هەروەها پێش خستنە بازاڕی تاقی دەكرێتەوە.

لەبارەی كاتی دابەشكردنی گوتی، بۆ كوردستان لە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، هەر هاووڵاتییەك مانگانە بڕی نۆ كیلۆ ئارد وەردەگرێت، بەڵام بەهۆی خراپیی كوالێتییەكەی، بەشێكی زۆری هاووڵاتییان سوودی لێ وەرناگرن و دەیفرۆشنەوە.



وشە - رامیار جەواد