داوا لە جووتیاران دەكرێت بێنە سەرشەقام و خۆپێشاندان بكەن

:: PM:02:53:25/05/2023 ‌
كەمیی وەگرتنی گەنمی جووتیاران وایكردووە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دڵسارد بن لە فرۆشتنی و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش داوا دەكات، جووتیاران بێتە سەرشەقام و دەست بكەن بە خۆپێشاندان.

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ بڕی 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، ئەمەیش 200 هەزار تۆن كەمترە لەو بڕەی كە جووتیارانی كوردستان بەرهەمیان هێناوە، بەڵام لە عێراق تەواوی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت.

جووتیارانی كوردستان بە جووتیاری پلە دوو حیساب نەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، داواكارم جووتیاران لە تەواوی شوێنەكان لە بەردەم سایلۆكانی وەرگرتنی گەنم، گردبوونەوە ئەنجام بدەن و داوا بكەن پێویستە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەیەكجار تەواوی گەنم جووتیاران وەربگرێتەوە، وەك تەواوی پارێزگاكانی تری عێراق، جووتیارانی كوردستان بە جووتیاری پلە دوو حیساب نەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەركی یەكەمی وەزارەتە تایبەتمەندەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا، ئەوە قبووڵ نەكەن، ناكرێت ئەو جیاوازییە قبووڵ بكرێت هەر ساڵە و بە بیانوویەك جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێنە قوربانی. ڕوونە كە بەرهەمی گەنم لەمساڵدا لەچاو ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە، وەرگرتنی گەنم بەچەند قۆناغێك، دژایەتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ و  جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە داوا دەكەین بەیەك قۆناغ جووتیاران تەواوی گەنمەكانیان لێ وەربگیرێت.

عێراق لە بەرانبەر وەرنەگرتنی بەشێك لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆ وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان گوتی، ئەوە غەدرە لە جووتیارانی كوردستان دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد