بۆچی سەرۆكی حكوومەت گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ دەدات؟

:: PM:08:22:25/05/2023 ‌

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتی و هاوكارییەك بۆ جووتیاران و بەرهەمی خۆماڵی و بەهێزكردنی كەرتی كشتوكاڵ وەك سەرمایەیەكی نیشتمانی، بڕیاری دا باج بخرێتە سەر چەند جۆرێكی سەوزە و میوە، كە ئێستە لە ناوخۆ پێ دەگات و جووتیاران چاوەڕێن بیخەنە بازاڕەوە، ئەوەش گرنگیدانە بە بەرهەمی خۆماڵی تا جووتیار تووشی زیان نەبێت، لەوكاتەی كە هەرێمی كوردستان بەرەو پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی دەڕوات.

ساڵانە بۆ پاڵشتی و هاوكاریكردنی جووتیاران، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری تایبەت بە هاوردەكردنی سەوزە و میوە لە دەرەوە دەردەكات، ئەمە لە لایەك دروستكردنی متمانەیە لە نێوان حكوومەت و جووتیار، لە لایەكی تریش بەهێزكردنی ئەو سامانە ناوخۆییەیە كە جووتیار چەندان مانگ هەوڵی لەگەڵ دەدا و خەرجییەكی زۆری تێ دەچێت تا بەرهەمی دێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە، بۆیە جووتیاران بە بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەت دڵخۆشن و پێیان وایە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی دەبێت.

خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی لە شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، وەك جووتیاران دەستخۆشیمان بۆ سەرۆكی حكوومەت هەیە بۆ هەر هەنگاوێك كە پێوەندی بە كەرتی كشتوكاڵ و گرنگیدان و هاوكاری و پاڵشتی بێت بۆ جووتیاران و بۆ خزمەتكردن بە ناوخۆ بێت، روونی كردەوە، ئەو باجەی كە خراوەتە سەر هەندێك لە بەرووبوومی هاوردە، بۆ ئێمەی جووتیار زۆر گرنگە و یەكێكە لە هەنگاوە باشەكان كە بتوانین پشت بە ناوخۆ ببەستین و بەرهەمی زیاترمان هەبێت و رەنج و ماندووبونی چەند مانگەمان بە سەرما و گەرما بە فیڕۆ نەڕوات.

زیاتر گوتی، ئەگەر پاڵشتیی جووتیاران بكرێت، ئەوان زۆرترین بەرهەم دەخەنە بازاڕەوە، بەجۆرێك كە جگە لە پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ بەشی هەناردنیشمان هەبێت، چونكە جووتیارانی ناوخۆ زۆر لێهاتوون و خاوەن زەوییەكی زۆر فراوانیشن، بۆیە هەنگاوەكانی حكوومەت زۆر گرنگن و پێویستە لە داهاتووش باج بخرێتە سەر بەرهەمەكانی تر كە هاوردە دەكرێن و لە ناوخۆ كاتی پێگەیشتنیان دێت.

ئەو جووتیارە نموونەییە دووپاتی كردەوە، كاتێك حكوومەتی خۆمان گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدات و لە قەدەغەكردنی بەرووبوونی هاوردەكراو و باج خستنە سەری و كردنەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكان پاڵپشتیی جووتیار بێت، هیچكات پێویستیمان بە بەغدا نابێت و چاومان لە بڕیارەكانی ئەوان نییە، كە هیچكات لە بەرژەوەندی كوردستان نەبووە.

"ئەوەتا گەنمەكە لە دەستی عێراقە و كەمترین رێژەی بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێم دیاری كردووە كە 300 هەزار تۆنە، لەكاتێكدا ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان سەرو یەك ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم هاتووە، ئەگەر بۆ هەر پارێزگایەك 400 هەزار تۆن دابنێین، لەكاتێكدا تەنیا لە سنووری سلێمانی بە زیادەوە سەرو 600 هەزار تۆن بەرهەم هەیە، بەڵام كە حكوومەتی خۆمان بازاڕی بۆ ساغكردنەوە دانابێت و شوێن هەبێت بیكڕێتەوە، هیچ گرفتێك نابێت و بگرە چاویشمان لە دەستی بەغدا نابێت"، خەسرەو جاف وای گوت.

لای خۆیەوە شێخ جەمال كربجنە، جووتیاری نموونەیی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، باج خستنە سەر بەرهەمەكانی هاوردەكراو كارێكی گەورەیە، ئەو باجە ئەگەر بۆ كیلۆیەكیش بێت، تا دێتە عەلوەكان دەبێتە 500 دینار، لەو حاڵەتەدا هاووڵاتی ئامادە نییە ئەو پارە زیادە بدات، كەچی بەرهەمی ناوخۆیی بە كوالێتی زۆر باش و بە نرخێكی كەمتر دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، هەروەها جگە لەوەی هاندانێكی باشیش دەبێت بۆ جووتیاران، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو بڕیارانە لە سەرجەم مەرزەكان جێبەجێ بكرێت.

باسی لەوەش كرد، هەر وڵاتێك گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدات، ئەو وڵاتە زوو گەشە دەكات و پێش دەكەوێت، كشتوكاڵ بڕبڕەی پشتی هەر وڵاتێكە، بۆیە هەر وڵاتێك گرنگی بە كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی دا، سەرمایەیەكی گەورە بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوەش دەستبەر دەكات، ئەو بەرهەمەی جووتیارانی ناوخۆ بەرهەمی دێنن زۆر لەو هاوردەیە باشترە كە هیچ كەس نازانێت چۆن و بە چ شێوازێك بەرهەم دێت، جووتیاری ناوخۆش دەتوانن بەشی زۆر زیاتر لە پێویستی بەرهەمیان هەبێت.

پێوەست بەو بابەتە شوان زراری، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پاڵپشتیی جووتیاران و كەرتی كشتوكاڵ بكات، ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەو قۆناغەی هەرێمی كوردستان، چونكە كوردستان لە قۆناغێكی گەشەسەندندایە، ئەو گەشەسەندنەش پێویستی بەوە هەیە كە كشتوكاڵ پێش بكەوێت و هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆییدا هەنگاوی گەورە بنێت، ئەمە بەڵێنی حكوومەتە بۆ جووتیاران، جووتیارانی ناوخۆش لەوپەڕی شارەزایی و لێهاتوون لە رووی بەرهەمهێنانی بەرووبوومەكان.

ئاماژەی كرد، باج خستنە سەر بەرهەمەكانی هاوردە پێشیینەی كاری حكوومەتە ئەو كاتەی بەرهەم پێ دەگات، بۆچی وڵاتان هەناردەیان هەبێت كاتێك بەرهەمی ناوخۆییان بەرز بێت؟، بۆچی هەرێم بە باشترین جووتیار و زەوییەكی بەپیت ئەو كارە نەكات؟، ئەمەیە وای لە سەرۆكی حكوومەت كرد كە گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدات و هەمیشە هاوكار و پاڵپشتیان بێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل