پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە

:: AM:09:44:26/05/2023 ‌
مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵًیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئایار، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەكە و خەڵكی كوردستان دەكەم. 

مەسروور بارزانی دەڵێت، شۆڕشی گوڵان كە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی لە ڕۆژگارێكی سەخت و دژواردا هەڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەكی كورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی كوردستانیان و سەركەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستانی لە پێناو بەرگریكردن لە بوون و ناسنامە و مافە ڕەواكانی، بە هەموو جیهان گەیاند.

باسی لەوەش كردووە، یەكێك لە بەرهەم و دەسكەوتە گرنگەكانی شۆڕشی گوڵان، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە كوردستانییەكان بوو، كە سەرەنجام بووە هۆی سەركەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵكی كوردستان لە ئاداری 1991 و پێكهێنانی دامودەزگا شەرعیی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كە پێویستە بە هەموو شێوەیەك، داكۆكیان لێ بكەین و بیانپارێزین.
 
لە كۆتایی پەیامەكەی دەڵێت،  لە 47 مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێكۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەكە هەیە و بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدی سەركردە ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان .



وشە - رامیار جەواد