وەزیری كشتوكاڵ بەپەلە پێوەندی بە بەرپرسانی بەغدا دەكات

:: AM:10:42:26/05/2023 ‌
وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەپەلە پێوەندی بە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دەكات، ئەمەیش بۆ چارەسەری كێشەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئایار، وەزارەتی كشتوكاڵ بڵاوی كردووەتەوە، بێگەر تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بە مەبەستی چارەسەكردنی كێشەكانی جووتیاران لە بڕی وەرگرتنی گەنم و ڕۆیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق ، ئەمڕۆ پێوەندی كرد بە هەریەك لە فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری و وەزیری دەرەوە و خالید شوانی وەزیری داد و ئەندامانی پەرلەمانی كورد لە لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لەبارەی هۆكاری پێوەندییەكە، بۆ ئەوە بوو پاڵپشتی دروست بكرێت لە گەیاندنی كێشە و داخوازییەكانی جووتیاران گەیاندنی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.

وەزیری كشتوكاڵ لە هەوڵەكانی دوو بابەتی باس كردووە، لەوانە كردنەوەی بازگەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە رووی هەناردەكردن و ساخكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، كە بەداخەوە بەبریارێك لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕێگری لە ڕۆیشتنی بەرهەمەكان دەكرێت.

بابەتی دووەمیش بریتی بوو لە هاوكاربوون لە زیادكردن و دڵنیایدان لەسەر بڕی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە سایلۆكان لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕكردنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بە هەمان شێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ، بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆر باشی گەنم لە ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد