"وشە" هۆكاری دەست لەكاركێشانەوە جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیاباران ئاشكرا دەكات

:: AM:11:21:26/05/2023 ‌
لە ساڵی 1992 لە هەڵەبجە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دامەزراوە تا ئێستە دوو كۆنگرەی بەستووە ،جێگری سەرۆكی كۆمەڵە دەستی لەكاركێشایەوە، گوتەبێژی كۆمەڵە دەڵێ كێشەكانمان دەرەكین نەك ناوەكی و دەیانەوێت ڕێكخراوەكەمان بە حزبی بكەن چەندان ڕێكخراومان دژ دروست كراوە، دەستمان كردوو بە ئامادەكارییەكانی كۆنگرە.

ئاراس عابد جێگری دەست لەكاركێشراوەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، بۆ "وشە" گوتی، ماوەیەكی زۆر بەسەر كۆنگرەی كۆمەڵەكەمان ڕۆشتووە كە دەبێت چوار ساڵ جارێك كۆنگرە بكەین، بۆیە دەمەوێت لە ڕێگەی ئەو دەست لەكاركێشانەوەی من ئیدارەی خۆجەی هەڵەبجە بڕیار لەسەر كۆنگرەی كۆمەڵەی قوربانیان بدات و سەرجەم چین و توێژەكان لەژێر ناوێكدا كۆبكرێنەوە.

زیاتر گوتی، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان چەندین ڕێكخراو بەناو ونبووان و برینداران و تاقانەكان و شەهیدان هەن و دروست بوون زیان بە كەیسی قوربانیان دەگەیەنێت، ئەگەر یەك ڕێكخراوی تۆكمە بێت بەناوی كەیسی هەڵەبجەوە بڕواتە كۆربەندە نێودەوڵەتییەكان سەنگی خۆی هەیە، ئەو ڕێكخراوانە دروستكراون هەر یەك و لە شوێنێك پشتیوانی دەكرێن، كۆمەڵەی قوربانیان بەخۆداچوونەوەیەك بكات و ناوی ڕێكخراوەكە بگۆڕدرێت و دەرس لە ڕابردوو وەربگرێت، تیمێك لە كۆمەڵەی قوربانیان هەیە پاكترین و دڵسۆزترین كەسوكاری شەهیدانن.

لە بەرانبەردا كامیل عەبدولقادر گوتەبێژی كۆمەڵەی قوربانیان لە ئەڵمانیاوە، بە "وشە"ـی گوت، كۆمەڵەی قوربانیان وەك هەموو حزب و تاقم و گرووپەكان كێشەی هەیە گرفتەكان ئەوەندەی دەرەكین ناوەكی نین، بەرنامەمان داڕشتووە چەند مانگێكە كۆنگرە ببەستین با كۆنگرەمان ببەستایە ئەوكات هەرچ كەسێ ئازاد بوو لە كۆنگرە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە یان نا، لە دوو كۆنگرەی ڕابردوو داوامان زۆر لەخەڵكانێ كرد بێنە دەستەی باڵا، بەڵام نەهاتن چونكە دەبێت بۆ مافی كەسوكاری قوربانیان بەگژ هەموو لایەك بچیتەوە تا ڕادەی دروستكردنی مەترسی لەسەرخۆت ئەوەش زۆركەس هەیە ئامادەی تێدانییە ئەوە بكات.

زیاتر گوتی، ئەوانەی لە دەستەی باڵای كۆمەڵەن هەموو خۆبەخشن بەپێچەوانەی ئەوەی كەسانێ وا باسیان دەكەن خۆسەپێنن بەسەر هەڵەبجە و كۆمەڵەدا هەموو ئەو قسانە قسەی ناحەزانە ڕاستی ئەوەیە كۆمەڵە كەسانێكی هەیە خۆبەخشانە كاردەكەن، نیگەرانی من ئەوەیە لە جێگری سەرۆكی كۆمەڵە وای لێتێگێشتم ئەو گرفتانەی لەناو كۆمەڵە هەن ناوەكین، ئەو لە ساڵی 1992 لە دەستەی باڵای كۆمەڵەیە هەموو ئەو گرفتانەی كۆمەڵە هەیەتی دەرەكین لەناو كۆمەڵە هیچ گرفتێكمان نییە، نازانم ئەگەر كاك ئاراس لە 10 كەسەی كۆمەڵە نیگەرانبێت ئێمە گلەییمان لە خۆمان نییە، نەبوونی نەسریە و كۆمەڵێك ئیش نەكراوە هۆی نەبوونی پشتیوانی داراییە تاكە كۆمەڵەین سەر بەهیچ لایەنێك نین چەندین جار پێمان وتراوە بەو سەربەخۆیە بمێننەوە ئەوە، پشتیوانی ناكرێن دەبوو كۆمەڵەی ئێمە لە سەر ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی هەبێت بیتوانایە دەستی بگەیشتایەتە هەموو دەوڵەتان.

ئاشكرای كرد، ئەگەر هەزار ڕێكخراو دروست بكرێت بۆ خزمەت بە قوربانیان بەزیادەی نازانین بەو مەرجەی خزمەت بە كەسوكاری شەهیدان بكەن و سەربەخۆبن، دەبێت ڕێكخرا و كۆمەڵە ئەوچینە هەڵی بژاردبێت بۆی دروست بوبێت نەك حزب دروستی كردبن، بەڵام ئەو ڕێكخراوانەی تر بەشێوەیەكی تر هاتوون و بە ناتەندروستی دەزانین هەست دەكەین كۆمەڵێ ئەجێندا دەهێننە پێشەوە دژ بە قوربانیانی كیمیاباران و كۆمەڵەی قوربانیانن، گوشارێكی زۆرمان لەسەرە ڕێكخراوەكەمان بكەینە ڕێكخراوێكی حزبی قبوڵمان نەكردووە بۆیە ڕێكخراومان دژ دروست دەكرێت، لە پێڕەوی ڕێكخراوەكەمان هاتووە هەركەسێ ئەجێندای حزبی هێنایە ناو ڕێكخراو دەبێت دەربكرێت.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - رامیار جەواد