حكوومەتی هەرێم بەتوندی وەڵامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە

:: PM:04:54:26/05/2023 ‌

لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دران، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتوندی وەڵامی ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا، بەتوندی دژی ئەو گۆڕانكارییانەی لە لایەن بەشێك لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستایەوە، كە لە 25 ئایار دەریان كردبوو.

ئەو ئەندامانە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دژی هەرێم وەستانەوە، حكوومەتی هەرێمیش ئەم بڕیارانەی بە نادەستووری و دژ بە رێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی لە قەڵەم دا،

ئەوەی گوتراوە كە دژی پرەنسیپەكانی رێككەوتنی حكوومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگیان لەسەر دراوە.

''ئێمە وەك حكوومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەك ئەم ستەمكاری و پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبووڵ ناكەین، پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین، جگە لەو رێككەوتنەی پێشتر لەگەل حكوومەتی سوودانی كراوە"، راگەیندراوەكەی حكوومەتی هەرێم وای گوت.

بەپێی بەدواداچوونەکان ئەگەر ئەو وردەکارییەی لە مادەی 13 و 14ی بودجەی پێشنیارکراوی عێراقدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی دارایی نابێت و هەموو پارەی نەوت و داهاتەکانی هەرێم دەکەوێتە دەست چەند فەرمانبەرێکی عەرەب لە وەزارەتی دارایی عێراق و ئەوەش وەک سووکایەتیی بەرانبەر دۆز و پێگەی کورد لێک دەدرێتەوە.

ئەو دوو مادەی پرۆەیاسای بودجە کە بۆ سێ ساڵە، بەگوتەی جەمال کۆچەر پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی، گفتوگۆی لەسەر نەکراوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە وەک بەدیلی رێکەوتنی حکوومەتی هەرێم و عێراق خستوویانەتە ڕوو و یەکسەر دەنگیشیان پێداوە، یەکێتیش چووتە پاڵیان، بۆیە نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو دانیشتنەکەیان جێهێشت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان