یەکێتی برایەکی عەبدولەتیف سەلەفی دەکاتە راگری کۆلیژی شەریعەی سلێمانی

:: PM:04:56:26/05/2023 ‌
 
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی بە "وشە" دراون، عەبدولەتیف سەلەفی، رابەری سەلەفییەكانی كوردستان، كار بۆ ئەوە دەكات برایەكی بكرێتە راگری كۆلیجی شەریعە لە زانكۆی سلێمانی، ئەوەش نیگەرانی لە لایەن مامۆستاكان و ئەو كەسانەش دروست كردووە كە كاندیدی ئەو پۆستەن.

بوون بە راگری كۆلێژی شەریعەی زانكۆی سلێمانی لە لایەن خالید ئەحمەد، لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا عەبدولەتیفی برای چەندینجار سەردانی بەرپرسانی یەكێتی كردووە، بە گوتەی چەند مامۆستایەكیش كە لەو كۆلێجەن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری حزبی هەیە و ئەو پۆستەش سیادییە و لە لایەن حزبەوە دادەنرێت، پێشبینی ئەوە دەكرێت لەو چەند كەسەی سیڤییان پڕ كردووەتەوە، خالیدی برای عەبدولەتیف بكرێتە راگر.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، بۆ بوون بە راگری كۆلیجی شەریعەی زانكۆی سلێمانی، دەنگۆیەك لەناو كۆلیجەكە و مامۆستاكان بڵاو بووەتەوە كە خالید ئەحمەد، برای عەبدولەتیف سەلەفی، كاندیدی بەهێزە بۆ ئەو پۆستە، ئەوەش لەناو ئەو شەش بۆ هەشت كەسەی كە سیڤییان پڕ كردووەتەوە، تەنانەت لەو كاندیدەش بەهێزترە كە ئێستە راگری كۆلیجەكەیە و مافی هەیە بۆ چوار ساڵی تر ببێتەوە راگر.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، ئەوانەی سیڤییان پڕ كردووەتەوە و رەنگە لە دوو هەفتەی داهاتوو دانانی راگر یەكلا بكرێتەوە، كە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە سیڤی بۆ ئەو پۆستە پڕ كراوەتەوە، د. خالید بەهۆی ئەوەی پشتگیری حزبی هەیە، باس لە بەهێزی دەكرێت بۆ ئەو پۆستە، لە رابردووش عەبدولەتیفی برای سەردانی بەرپرسانی سنوورەكەی كردووە، ئەوەش وای كردووە ئەو دەنگۆیە بڵاو ببێتەوە، جگە لەوەش ئەو خێزانە برایەكی تریان هەیە ئەندامی مەڵبەندە.

راگری ئێستە د. شەماڵ بەرزنجییە، هەر چوار ساڵ جارێك دەبێت گۆڕانكاری بكرێت، ئەو راگرە دەتوانێت بۆ چوار ساڵی تر داوای دانانەوە بكات، یەكێكیشە لەوانەی سیڤی پڕ كردووەتەوە، ئەو پۆستە دەبێت لە لایەن یەكێتییەوە دابنرێت و وەك پۆستێكی سیادییە، دكتۆر هەیە 18 ساڵە لە زانكۆی سلێمانییە و تا ئێستە بچووكترین پۆستی پێ نەدراوە، چونكە یەكێتی نەبووە، د. خالید لەچاو دكتۆرەكانی تر زۆر نوێیە، كاندیدەكانی تریش بۆ ئەو پۆستە پێیان وایە براكەی عەبدولەتیف دەكرێتە راگر.

سەرچاوەیەكی تر بە"وشە" گوت، حزب رۆڵی سەرەكیی هەیە لە دانانی ئەو پۆستانە، لەهەر ناوچەیەك دەبێت حزب ئەو كارە بكات و حزبیش ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەوانەی چوونەتە ئەو ركابەرییە دەبێت مەرجی یاساییان هەبێت، یەكێك لە مەرجەكان دەبێت ئەو كەسە 10 ساڵ خزمەتی هەبێت، لەگەڵ چەندان مەرجی تر، دەبێت دانانی ئەو جۆرە پۆستانە لە رووی زانستییەوە بێت، بەڵام واقع شتێكی تر دەڵێت، یەكێكە لەوانەی كە زۆربەری مامۆستاكان پێیان باشە بكرێت راگر د. شێروانە، هەروەها د. محەمەد حوسێن و د. فازیڵ و د. عەبدولفەتاح و د. ئاراس و د. شەماڵ راگری ئێست، كە هەموویان كاندیدن و ناویان لە وەزارەتە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە.

"بۆ دانانی ئەو پۆستە دوو را هەیە، چەند رۆژێكە بە گەرموگوڕی باس لە دانانی براكەی عەبدولەتیف سەلەفی دەكرێت، هەموو كەس دۆست و نەیاریشی هەیە، هەندێك رەنگە لەگەڵ ئەوەدا بن د. خالید بێت، هەندێكیش لەگەڵ ئەوەنین لەبەر ئەوەی كەسێكی سەلەفییە و رەنگە ئەو بیروباوەڕە سەلەفییە بەهێز بێت و باڵادەست بێت بەسەر كۆلیجەكە، بۆیە زۆرێك لە مامۆستاكان لەوە نیگەرانن و زانكۆش رادەستی سەلەفیەت دەكرێت"، سەرچاوەكەی "وشە" وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل