کاتێک دەماری ددان دەبڕیت دووبارە ئازار دروست دەبێتەوە؟

:: PM:05:38:26/05/2023 ‌

یەکێک لە ناخۆشترین و ناڕەحەتترین جۆرەکانی ئازار، ئازاری ددانە. پزیشکان و پسپۆڕان بۆ چارەسەری ئازار چەند رێگەیەکیان داناوە بەنموونە ''بەکارهێنانی ئازارشکێن، دەماربڕین یانیش دەرهێنانی ددانەکە''. 

د. ئەحمەد سەلیم پزیشکی پسپۆڕی ددان، بۆ ''وشە'' گوتی، دەماربڕین چارەسەرێکە تێیدا دەمار و شانەی تووشبوو بە هەوکردنی میکرۆبی لادەبرێت و پاک دەکرێتەوە و بۆ نەهێشتنی ئازاری ددان بەکاردەهێنرێت، ڕەگی ددان دەوڵەمەندە بە دەمارەشانە و لوولەی خوێن و لە چەند جۆرە خانەیەکی تر پێکدێت و بەیەکەوە کرۆکی ددان پێکدەهێنن، لە کاتی بوونی میکرۆبێک لە دداندا دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکە و دروستکردنی هەوکردن و ئازارێکی زۆر تێیدا.

پرسیارێکی زۆر کراوە لەبارەی ئەوەی، کاتێک دەماری ددان دەبڕیت دووبارە هەوکردن و ئازار دروست دەبێتەوە؟
لە وەڵامدا گوتی، بەڵێ، چونکە کرداری چارەسەرکردنی ڕەگی ددانی بە تەواوی بۆ نەکراوە، دەبێت ناو ڕەگەکان بە تەواوی خاوێن بکرێنەوە و ''تعقیم'' پاکتاو بکرێن و بە تەواویش پڕ بکرێنەوە تا هیچ کەلێن و بۆشاییەکی مردوو نەمێنێتەوە، چونکە هەر بۆشاییەک بە پڕنەکراوەیی بمێنێتەوە دەبێتە مۆڵگەی خڕبوونەوەی بەکتریا و ئەو بەکتریایانە گەشە دەکەن تا دەگەنە ناو ئێسک و لەوێ کە گەیشتنە ئێسکەکە واتا ژێری ددانەکە سیستمی بەرگری لەش بەکار دەکەوێت و خانەی بەرگری دەنێرێت بۆ کوشتنی تەنە نامۆیەکان ''بەکتریاکان'' و لە ئەنجامدا هەوکردن و ئازار ڕوودەدات.

ئەی بۆچی سیستمی بەرگری جەستە هەمووی خاوێن ناکاتەوە؟
''چونکە سیستمی بەرگری لەش تا لێواری ڕەگی ددان دێت و بەرپرسە لە خاوێنکردنەوەی دەرەوەی ڕەگی ددان و نایەتە ناو ڕەگەکە، بۆیە هەر پیساییەک لەناو ڕەگی ددان مابێت و پزیشکی ددانەکاکە خاوێنی نەکردبێتەوە و پڕی نەکردبێتەوە ئەوا هەوکردن و ئازار و کێشە هەر دەمێنێت'' دکتۆر ئەحمەد وای گوت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان