گۆڤاری فۆرێن ئافێرزی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی مه‌رگی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران كه ئێسته ته‌مه‌نی 84 ساڵه و كاردانه‌وه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی توێژی سیاسی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ دانانی كه‌سێكی تر له شوێنی خامنه‌یی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه هه‌موو هه‌نگاوه‌كان و تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن، كه له دوای مه‌رگی خامنه‌یی ئاژاوه و ئاڵۆزی ته‌واوی ئێران ده‌گرێته‌وه و ته‌نانه‌ت له نێو توێژی سیاسی و بڕیاربه‌ده‌ست و باڵاده‌ستی ئه‌و وڵاته‌یش ناكۆكی و له‌تبوون و كێشه و ته‌نگژه دروست ده‌بێت.
گۆڤاره‌كه نووسیویه‌تی، دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپێشاندانه فره‌وانه‌كان به‌هۆی شه‌هیدكردنی ژینا ئه‌مینییه‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرا گۆڕانكاری له دۆخی ئێران دروست ببێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕژێم به زه‌بری ئاگر و ئاسن ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بووه‌وه، دواجار خه‌ڵكی ناچاركران كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان بخۆنه‌وه و خۆپێشاندانه‌كان كپ بووه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه كۆتایی نییه، چونكه له ئه‌گه‌ری مه‌رگی خامنه‌یی و دابه‌شبوونی توێژی سیاسی ڕژێم به‌سه‌ر دوو یان زیاتر له چه‌ند به‌ره‌یه‌ك، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێككه‌وته خه‌ڵكی ئێران به ڕووی ڕژێم بته‌قنه‌وه، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات گۆڕانكاری گه‌وره و جه‌وهه‌ری له ئێران دروست بكات.
ئێسته توێژی سیاسی و باڵاده‌ستی ڕژێمی ئیسلامی نیگه‌رانی زۆریان لا دروست بووه، كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بكه‌ن، كاتێك عه‌لی خامنه‌یی كۆچی دوایی ده‌كات و چۆن كه‌سێكی تر له شوێنی ئه‌و دابنرێت، كه ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌سه‌ر بێت، كه ژماره‌یان 88 ئه‌ندامه. له كاتێكدا ئێسته كه‌مترین متمانه و بڕواكردن به‌یه‌كتر له نێوان سیاسه‌توانانی ڕژێمه‌كه بوونی هه‌یه و ته‌نانه‌ت باڵی توندڕۆ و میانڕۆی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام له ململانێ و ناكۆكی و گرژیدان و ددان به‌یه‌كتر نانێن و دانویان به‌یه‌كه‌وه ناكوڵێت.
به‌شێك له شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان كه پرۆسه‌ی دانانی جێگره‌وه‌ی خامنه‌یی ئه‌سته‌مه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی و بێ گرژی و توندوتیژی تێپه‌ڕ ببێت و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن هه‌مان سیناریۆی گرتنه‌ده‌ستی پۆستی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی له دوای خومه‌ینی له‌لایه‌ن خامنه‌یییه‌وه دووباره ببێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی خامنه‌یی به شێوه‌یه‌ك په‌رچووئاسا و چه‌ندان توندوتیژی و ته‌ڵه و ناكۆكی توانی دواجار له 1989 شوێنی خومه‌ینی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بگرێته‌وه.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو كه خامنه‌یی كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینی زۆر دیار و ناودار نه‌بوو و بگره له ئاستێكی زۆر ئاسایی‌دا بوو، ته‌نانه‌ت خومه‌ینی به‌ر له مردنی به كه‌سێكی هه‌ژمار كردبوو كه تێگه‌یشتنی ڕاست و دروستی له‌سه‌ر باوه‌ڕ و بنه‌ما ئاینییه‌كانه‌وه نییه زۆرێك له پیاوانی ئاینیش ئه‌و كات هه‌مان بۆچوونیان هه‌بوو و دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه له ڕووی ئاینییه‌وه خامنه‌یی توانای ئه‌وه‌ی نییه كه حوكمه ئیسلامییه‌كان ده‌ربكات، چونكه پێگه‌ی له ڕیزی زانایانی ئاینی له‌و ئاسته به‌رزه‌دا نییه.
كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش دواجار خامنه‌یی به‌ر له مردنی خومه‌ینی بوو له 1981 توانی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران بردنه‌وه مسۆگه‌ر بكات و ببێت به سه‌ركۆماری ئێران، له‌و كاته سه‌ركۆمار ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌شریفی و ئه‌وتۆی نه‌بوو، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ده‌ركه‌وتنی خامنه‌یی و بوونی به سه‌ركۆمار لای هیچ كه‌س چاوه‌ڕوانكراو نه‌بوو، دواجاریش له 1989 و دوای مردنی خومه‌ینی هیچ كه‌س خامنه‌یی وه‌ك جێگره‌وه‌ی خومه‌ینی به خه‌یاڵدا نه‌هات، كه‌چی له ڕێی پیلانه زیره‌كییه‌كانییه‌وه توانی دواجار ببێت به شوێنگره‌وه‌ی خومه‌ینی كه به هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران له 1979 داده‌نرێت.
پرۆسه‌ی گه‌یشتنی خامنه‌ییش به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات به كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو تێپه‌ڕیووه و خامنه‌یی به كوشتن و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌كانی و به‌رهه‌ڵستكارانی ده‌ستی پێكردووه و هیچ ساڵیشی له كوشتنی ئه‌و كه‌سانه نه‌كردووه‌ته‌وه، بۆیه هه‌رچۆنێك بێ خه‌ڵكی ناچاركراون به سه‌رۆكایه‌تییكردنی ڕه‌های خامنه‌یی ڕازی ببن، دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش له ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واوی چه‌په‌كانی له ئێران قه‌ڵاچۆ كرد، كه به توندی دژی بوونی خامنه‌یی به ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وه‌ستابوونه‌وه.
باسكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه له كاتێكدایه كه نهێنی گه‌یشتنی خامنه‌یی له پیاوێكی ئاینی ئاساییه‌وه بۆ شوێنگره‌وه‌ی خومه‌ینی تا ئێسته‌یش یه‌كێكه له كۆده شاراوه‌كان و نه‌توانراوه ئاشكرا بكرێت، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ له‌گه‌ڵ مردنی زۆرێك له به‌ڵگه‌نامه و ڕاستییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه ئاشكرا ببن و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ڕوون ببێته‌وه.
به‌ڵام ئێسته خه‌ریكه هه‌مانسیناریۆی پێشوو، به‌ڵام كێ ده‌بێته خامنه‌یی دووه‌م و هاوشێوه‌ی ئه‌و هه‌موو جۆره شێوازێكی ململانێكردن ته‌نانه‌ت به مه‌رگ و خوێنڕشتنیش ئاماده‌یه ببێت به شوێنگره‌وه‌ی خامنه‌یی، له حاڵه‌تێكی له‌مجۆره و كاردانه‌وه و تووڕه‌یی خه‌ڵك ئێران به‌ره‌و كوێ ئاراسته ده‌كات؟ ئایا كۆتایی به ڕژێمی ئیسلامی ده‌هێنێت؟ هه‌موو ئه‌مانه پرسیاری گرنگن و ئێسته ناتوانرێ وه‌ڵام بدرێنه‌وه.