ئەو كاریگەرییانەی كۆرۆنا كە ساڵانێك دەمێننەوە

:: PM:06:34:26/05/2023 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لە ووهانی چینەوە بەرەو تەواوی دنیا بڵاو بووەوە و ملیۆنان قوربانی و سەتان ملیۆن كەسی تووشی كاریگەری جیاجیا كرد، لەوانە هەندێكی بۆ ماوەی درێژخایەن، واتە چەند مانگ و ساڵانێك دوای چاكبوونەوەیان دەمێننەوە، توێژینەوەیەك ئەو كاریگەرییانە دیاری دەكات كە بەهۆی كۆرۆناوە تووشبووان دوای چاكبوونەوەشیان بەدەستییەوە دەناڵێنن.

توێژینەوەیەكی نوێ باسی كاریگەرییە زۆر بڵاو و درێژخایەنەكانی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا دەكات، ئەوەش بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان، د. لیورا هور ویتز، سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە و بەڕێوەبەری سەنتەری چاودێری تەندروستی دەڵێت، ئەو توێژینەوە دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاشكراكردن و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەو حاڵەتانە.   

توێژەران پشكنین و شیكردنەوەیان بۆ داتای 9764 كەس كرد، كە 8646یان تووشی كۆرۆنا بووبوون و 1118یان تووشی نەبووبوون، ئەوان 12 نیشانەی دوای تووشبوونی دەستنیشان كرد، واتە بە شێوەیەكی درێژخایەن بەردەوام بوونە.

لەوانە، هەستكردن بە ماندوووبوونی زۆر لەدوای ئەنجامدانی ئەركێكی جەستەیی یان مێشكی، شەكەتی و ئاڵۆزبوونی مێشك و سەرسووڕان و سەرگێژخواردن، كێشە لە كۆئەندامی هەرس و دڵەكوتە، كێشە لە خواست و توانای سێكسی، نەمان و لاوازیی هەستەكانی بۆن و تامكردن، تێنوێتی و كۆكەی درێژخایەن و ئازاری سینگ و جووڵانەوەی نائاسایی لەش. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل