گۆڕانكارییەكانی بودجە چۆن كار دەكەنە سەر رێككەوتنی سیاسی هەولێر و بەغدا؟

:: PM:07:32:26/05/2023 ‌

كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی گەورەیان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەبوو، بە مانایەكی تر حكوومەتەكە دوای سەردانیكردنی شاندێكی باڵای هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ هەولێر، كە جگە لە كورد لە سوننە و شیعە پێكهاتووە، هاتە پێكهاتن، واتە بنەمای دروستبوون و بەردەوامیی ئەو حكوومەتە ئەو رێككەوتنە سیاسییەیە كە لە نێوان كورد و هێزە سیاسییەكانی سوننە و شیعە كراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی ئێستەی لیژنەی دارایی عێراق چەند كاریگەرییان لەسەر ئەو رێككەوتنە دەبێت؟

بەپێی شارەزایان ئەو گۆڕانكارییانەی لە لایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی شیعەی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە كراوە و دوێنێ بەشێكی هاتە پەسندكردن، زیانی گەورە بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم دەگەیەنێت و زەوتكردنی ئاشكرای مافی گەل و هەرێمی كوردستانە، بە كورتی هەوڵی كودەتایەكە لەسەر رێككەوتنەكانی كراوە، ئەوەش دەری دەخات كە ئەوانەی ئەوكات لە دژی رێككەوتنە سیاسییەكەی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوون، لەسەر نیاز و هەڵوێستی خۆیانن هەر كاتێك بۆیان برەخسێت.

ئەمڕۆ هەینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ئەو گۆڕانكارییانەی دوێنێ لە لایەن بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵییە، هەروەها دژی پرەنسیپەكانی رێككەوتنی سیاسی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر دراوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەم ستەمكاری و پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبووڵ ناكەین، پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین، جگە لەو رێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی كراوە.

سێشەمی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرد بۆ هەمواركردنەوەی مادەكانی 13 و 14 لە بودجەی عێراق پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان، بەوەی پێشنیازەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە و لە لایەن هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەند كراون.

مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەبێت پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكەدا نەكرێت، لە دەرەوەی بڕگەكانی رێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، لە بەرانبەردا دەبێت حكوومەتی فیدراڵیش ئەركی سەر شانی خۆی جێبەجێ بكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق دابین بكات.

ئەمڕۆ هەینی نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری ئەو پرسیارەی ورووژاند ئاخۆ كاریگەریی هەمواركردنی چەند بڕگەیەكی ناو پڕۆژەیاسای بودجە پێوەست بە هەرێمی كوردستان چەند كاریگەری لەسەر رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەیە و لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە گوتی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ئەم گۆڕانكارییانە داوە، یەكەم/ بڕگەی دووی مادەی 13 هەموار كراوەتەوە، پێشتر ئەوە بووە كە هەرێم پابەندە بە هەناردنی بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتەكەی، ئێستە گۆڕاوە بۆ ئەوەی دەبێت هەرێم ئەو بڕە نەوتە بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردنی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، یان بەكارهێنانی لە ناوخۆ لە رێگەی پاڵاوگەكانەوە.

روونی كردەوە، ئەو گۆڕانكارییە جۆرێك لە ئاڵۆزی خستە ناو پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەندەوە، ئەوەش بەهۆی زەحمەتی لە رووی تەكنیكییەوە لەبارەی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بۆ ناوەند، لە لایەكی تر بەهۆی داماڵینی هەرێم لە دەسەڵاتی هەناردنی نەوتەكەی.   

دووەم/ بڕگەی جیم لە مادەی 13، پێشتر باسی ئەوەی كردووە كە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بە شێوەیەكی مانگانە، یەكلاكردنەوەی حیساباتەكەش بە شێوەی چواریەكی ساڵ دەكرا، واتە لە بودجەی 2023 هەرێم پێش رادەستكردنی نەوتەكەی بەشە بودجەكەی پێ دەگەیشت، بەڵام ئێستە دەبێت هەرێم پێش گەیشتنی بەشە بودجەكەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكەی رادەست بكات.

سێیەم/ بڕگەی یەكەم لە مادەی 14 بەو شێوەیە گۆڕاوە، پێشتر دەبوایە كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە حیسابێكی بانكی دابنرایە، ئێستە وای لێ هاتووە، هەرێم پابەندە بە دانانی داهاتی نەوتەكەی لە حیسابێكی بانكی لە بانكی ناوەندی عێراق، لەو كاتەی هەرێم دەیویست حیسابە بانكییەكەی لە بانكی سیتی بانك بێت. 

چوارەم/ رێگرتن لە هەرێمی كوردستان لە دەرهێنانی نەوت لە كیڵگەكانی كەركووك و نەینەوا، كە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوان زیاتر لە سێیەكی بەرهەمی نەوتی خاوی هەرێم پێك دێنن.

لای خۆیەوە لیزا فەلەكەدین، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا لەو بارەوە ئاماژەی كرد، ئەنجامی سەردانەكەی چەند رۆژ پێش ئێستەی سەرۆكی نەوەی نوێ بۆ ئێران وا وردە وردە ئاشكرا دەبێت، بەڕوونی دیارە رێككەوتن كراوە بەهەر جۆرێك بێت دژی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بوەستن و بەربەستی بۆ دروست بكەن.

زیاتر گوتی، گۆڕانكاریكردن لە بڕگە و مادەكانی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، كە پێشوەختە رێككەوتنی هەرێم و بەغدای لەسەر كراوە و زیادكردنی بڕگەیەكی وەهمی بەناوی "گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە"، تەنیا بۆ لابردنی سەرنجە لەسەر ئەسڵی مەسەلەكە، بۆیە جگە لە چەواشەكردنی هاووڵاتییان هیچ دەسكەوتێكی تری بۆ مووچەخۆران نابێت.

لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە، ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە كە دەیانەوێ لە رێگەی چەند لایەنێكی سیاسی ناوخۆییەوە كۆتایی بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بێنن، بەڵام خەیاڵیان خاوە و ئەستەمە ئەم پلانە بۆیان بچێتە سەر، چونكە دۆخی حوكمڕانی ئێستەی عێراق جیاوازە و بەبێ هەرێمی كوردستان حوكمڕانییەكەیان ورد و خاش دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل