لە ئاسمان دەرگەی فڕۆكەی كردەوە

:: PM:08:30:26/05/2023 ‌

گوتەبێژ بەناوی كۆمپانیای هیڵی ئاسمانیی "ئاسیانا ئێرلاینس"، رای گەیاند كە فڕۆكەیەكی سەر بە كۆمپانیاكە بە سەلامەتی لە فڕۆكەخانەیەك لە نزیك سیئۆلی پایەتەختی كۆریای باشوور نیشتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی یەكێك لە سەرنشینەكان لە ئاسمان دەرگەی فڕۆكەكەی كردەوە، كە هێشتا نەگەیشتبوە فڕۆكەخانەكە.

سەرنشینەكانی ئەو فڕۆكە چەند ساتێكیان لەناو ترس و تۆقین بەڕێ كرد، كاتێك ئەمڕۆ هەینی فڕۆكەكەیان كە نزیك بوو لە نیشتنەوە، لە لایەن پیاوێكی تەمەن سی ساڵییەوە كە لە نزیك دەرگەی فریاگوزاری دانیشتنبوو، دەرگەی فڕۆكەكەی كرایەوە، كە هێشتا لە بەرزایی 700 پێ، واتە 213 مەتر بوو، واتە پێیش چەند خولەكێك لە نیشتنەوەی، لە فڕۆكەخانەیەك لە باشووری سیئۆل. 

بەهۆی رووداوەكەوە كەس زیانێكی زۆری پێ نەگەیشتووە، بەڵام كارگێڕی ئاگركوژێنەوەی فڕۆكەخانەكە باسی ئەوەی كرد كە 12 كەس تووشی برینداری و كێشەی هەناسەدان بوونە بەهۆی خێرایی هاتنەژوورەوەی با و نۆیان رەوانەی نەخۆشخانە كراون، پۆلیس رای گەیاند كە ئەو پیاوەیان گرتووە و ددانی بە كارەكەی داناوە، بێ ئەوەی باسی هۆكارەكەی بكات.

شایەنی باسە فڕۆكەكە 200 سەرنشینی بار كردبوو و بەپێی یاسا هەر كەسێك پێشێلی یاساكانی ئاسایشی فڕۆكەوانی بكات، لەوانە ئەو كەسانەی لە نزیك دەرگەن یان دەستكاری كەلوپەلەكانی فڕۆكەكە دەكەن، ئەگەری هەیە تا 10 ساڵ بگیرێن، چونكە كردنەوەی دەرگەی فڕۆكە لە ئاسمان ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە، بۆیە لە حاڵەتی ئاسایی تا نیشتنەوەی، دەرگەی فڕۆكەكان ناتوانرێت بەدەست بكرێتەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل