قایمقام ئامادە نەبوو.. یەكێتی رۆژی پێنجوێن بەحزبی دەكات

:: PM:08:45:26/05/2023 ‌

ئەمڕۆ هەینی 26ی ئایار، فێستیڤاڵی ساڵانەی رۆژی پێنجوێن لە سەیرانگەی سێچاكانی خوار شارۆكەكە بەڕێوە چوو، بەهۆی بەحزبیكردن و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای یەكێتی لە سنوورەكە، سەرەتا چۆڵی بە بۆنەكەوە دیار بوو، بەڵام دواتر بە رۆیشتنی ئەوان، ئامادەبووان خرۆشان و قایمقامیش لە بۆنەكەدا ئامادە نەبوو.

نەشوان كەریم، هاووڵاتییەكی بەشداربووی رۆژی پێنجوێنە و بە"وشە"ی گوت، ئەمڕۆ دڵخۆش بووین بە كۆبوونەوەی سەرجەم پێنجوێنیانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی هەریەك لە بەرپرسی مەڵبەندی 9ی رێكخستنی شارەزوور و لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی پێنجوێنی یەكێتی و بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، سەرەتا چۆڵی بە بۆنەكەوە دیار بوو و تەنیا ریزی پێشەوە پڕكرابووەوە.

زیاتر گوتی، دوای رۆیشتنی ئەوان و كاتی نانخواردنی نیوەڕۆ ئینجا دەست كرا بە دەربڕینی خۆشی، ئەوەی زیاتر نیگەرانی لێ كەوتەوە، وتاری بەرپرسانی ئامادەبووی یەكێتی بوو، كە بیریان چووەتەوە رۆژانە چۆن بە هەموو شێوەیەكی نایاسایی لە مەرزەكانی ناوچەكە داهاتێكی زۆر بەدەست دێنن، كەچی بەشان و باڵی سەرۆكی یەكێتی خوێندیان.

بەپێی زانیارییەكانی بە دەستی "وشە" كەوتوون، ئەگەرچی بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستانی ئەو حزبە ئامادە بوون، بەڵام هەریەك لە قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز و بەپرسی گومرگی باشماخ، كە گۆڕانن و لە بۆنەكانی تردا ئامادە بوون، بەڵام ئەمڕۆ نەبینران، ئەمەش قسەی ناو خەڵكی ناوچەكەی بەدوای خۆیدا هێنا كە ئاخۆ هۆكاری بایكۆت كردنەكە چی بووە.

زانیارییەكانی "وشە"، ئاماژە بەوەش دەكەن كە بەهۆی ئەوەی لە لایەن كۆمیتەی رێكخستنی پێنجوێنی یەكێتی و ئەندامێكی پێنجوێنی مەڵبەندی رێكخستنی شارەزوور، سەرپەرشتی كارەكان كراوە، بۆیە قایمقام و بەرپرسانی تری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بایكۆتی یادەكەیان كردووە.

شایەنی باسە ساڵانە لە رێككەوتی 5ی ئایار رێوڕەسم و فێستیڤاڵی رۆژی پێنجوێن بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆش دوای سێ هەفتە رێوڕەسمەكە رێك خرا و لە لایەن یەكێتییەوە، كە داهاتی ناوچەكەی لەبەر دەستە، سپۆنسەرێكی كەمی مادی كرابوو.

پێنجوێن/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل