چین.. مەترسی سەرهەڵدانەوەی كۆرۆنا دروست دەبێتەوە

:: PM:09:25:26/05/2023 ‌

تا ئێستە هۆكاری سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا مشتومڕی لەسەرە و چەندان سیناریۆ بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەن، دواترینیان ئەوەیە لە تاقیگەیەكی ووهانی چینەوە بێ مەبەست دزەی كردووە، دوای چەند ساڵێك، خەریكە چین خۆی بۆ شەپۆلێكی تری تووشبوون بەو پەتایە ئامادە دەكات، كاتێك چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی تووشبوونی هەفتانە بگاتە 65 ملیۆن حاڵەت.

ئێستە لە تەواوی دنیا رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا سووك بووە و نەماوە، بەتایبەتی كاتێك رێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆتایی بە حاڵەتی فریاگوزاری دژ بەو نەخۆشییە هێنا، كەچی هەر ئەم هەفتەیە د. چۆنگ نانشان، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە لە كۆنگرەیەكی پزیشكی لە شاری گوانزۆ لە باشووری چین، ئەو ئامارە مەترسیدارەی تووشبوونی ئاشكرا كرد. 

ئەو پزیشكە بە ئامادەبووانی راگەیاند كە ئەو شەپۆلە نوێیەی لە كۆتایی نیسانی رابردوو سەری هەڵداوە، پێشبینیكراو بوو و بەپێی ئامارەكانی لای ئەو هەن، ئێستە هەفتانە 40 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون لە چین هەیە و تا كۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئاماری تووشبوونی هەفتانە دەگاتە 95 ملیۆن كەس.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە ڤایرۆسی كۆرۆنا چیتر حاڵەتێكی فریاگوزاری دنیایی نییە، بەوەی مشتومڕێكی زۆری دروست كرد لەبارەی مامەڵەی سیستمە تەندروستییەكانی دنیا لەگەڵ پەتاكە، لە دوای سێ ساڵ، كە گەورەترین زیانی گیانی و ئابووری بە دنیا گەیاند.

لەو كاتەی ئیدارەی ئەمەریكا رای گەیاند كە چاودێری دۆخی چین دەكەن، د. زرار بەلعاوی، پزیشكی شارەزای نەخۆشییە پەتاییەكان دەڵێت، ئەو شەپۆلە تووشبوونەی بە كۆرۆنا ئێستە لە چین هەیە پێشبینیكراوە، بەهۆی ئەوەیە بەرگری لەشی خەڵكەكە بەرانبەر بە ڤایرۆسە دابەزیوە، بەتایبەتی تیرە نوێیەكەی، دوای مانگی حوزەیران قەبارەی تووشبوون بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بۆیە پێشبینی ناكەین دۆخەكە مەترسیدار بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل