لە كەركووك هاووڵاتییەك لەناو باخەكەیدا كوژرا

:: AM:10:55:27/05/2023 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاووڵاتییەك لەناو باخەكەیدا كوژرا، پۆلیسی كەركووكیش رای دەگەیەنێت ئەو هاووڵاتییە بە دەمانچەی بێدەنگ كوژراوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی ئایار، هەواڵی كوژرانی سەرمایەدارێكی شاری كەركووك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە.

پێناچێت هیچ پێوەندییەكی بەتیرۆرەوە هەبێت
عامر شوانی گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، لەبارەی ئەو كوژرانە رای گەیاند، سەعات سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەك بە ناوی ئارام عاسی فەتاح كە خاوەنی پاڵاوگەی سووتەمەنییە، لە ناو باخەكەیدا لەلایەن چەكدارێكی نەناسراو بە دەمانچەی بێدەنگ (كاتم) كوژرا.

زیاتر گوتی، ئێستە پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و پێناچێت هیچ پێوەندییەكی بەتیرۆرەوە هەبێت، دوای گەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی و گرتنی بكوژەكانیش، زانیاریی زیاتر بڵاو دەكەینەوە.

كوشتنی ئەو هاووڵاتییە لە كاتێكدایە لە دوو هەفتەی رابردووشدا لە كەركووك، چەند حاڵەتێكی تر هەبوون، پۆلیسی كەركووك دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا كە حاڵەتەكان تیرۆریستی نەبوون.



وشە - رامیار جەواد