پیاوێك ملی ژنەكەی دەبڕێت و ژنێكیش هەوێكەی دەكوژێت

:: PM:05:26:27/05/2023 ‌

بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، خەریكە تاوان و رووداوی نائاسایی و نامۆ تەواوی عێراق دەگرێتەوە، عێراقییەكان لە سایەی سیستمێكی فەرمانڕەوایی گەندەڵ و بێباك بە دۆخی بژێوی و دەروونی و كۆمەڵایەتی گەلەكەی، خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچن و تاوانی جیاجیا ئەندام دەدەن، كە پێشتر نەبووە، لەوانە لە دیالە هاوسەرێك ملی ژنەكەی دەبڕێت و لە بەغداش ژنێك هەوێكەی دەكوژێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی لە گەڕەكی تەحریر لە شاری باقووبی سەنتەری پارێزگەی دیالە، پیاوێك بەهۆی ناكۆكی خێزانی بە چەقۆ ملی ژنەكەی بڕیوە، دواتر خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و دەست بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە كراوە.

لە رووداوێكی تردا، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی بەغدا ئاشكرای كرد كە ژنێكی لەدایكبووی 1989، ژنی دووەمی مێردەكەی لەدایكبووی 1999 و خاوەن رەگەزنامەی سووری كوشتووە، كاتێك بە چەقۆ لە سنگی داوە، رووداوەكە لە كۆمەڵگەی بسمایە لە بەغدا رووی داوە، دواتر تاوانبار هەستاوە بە سووتاندنی شوقەكە كە قوربانییەكەی تیادا بووە بۆ شاردنەوەی تاوانەكەی. 

تیمەكانی بەرگری میلی گەیشتوونەتە شوێنەكە و توانیویانە ئاگرەكە بكوژێننەوە و تەرمی ژنە كوژراوەكە دەربهێنن، ژنە تاوانكارەكەش گیراوە، سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە پیاوەكە مامۆستایە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل