ئەوەی گەورەكان لەسەری رێككەوتوون بە موزایەدەی بچووكەكان لەناو دەچێت؟

:: PM:06:40:27/05/2023 ‌

"بودجە بۆ مسۆگەریی یەكپارچەیی وڵات و سەقامگیریی سیاسی و مافی هاووڵاتییە، بۆیە نەنگییە رێككەوتنی گەورەكان بەهۆی موزایەدەی قەڵپی منداڵانییەكانەوە بڕووخێت"، ئەوە قسەی عزەت شابەندەرە، سیاسەتوانی دێرینی عێراق لە دوای پەسندكردنی پێشنیازی ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی دژ بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەڵام چارەنووسی رێككەوتنە سیاسییەكان چی دەبێت؟

دوای ئەو هێرشە گەورەی لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە كرایە سەر هەرێمی كوردستان و شایستە دارایی و دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتەوە، ئێستە تەواوی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە لایەك و رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا پێوەست بە كەرتی نەوت و رێخۆشكەر بۆ تێپەڕاندنی هەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و نەوت غاز گەوتووەتە مەترسییەوە و نیشانەی پرسیاریان بەرانبەر دانراوە.

وەك دوایین زانیاری و دوور لە كۆبوونەوە و هەوڵەكانی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە سەرانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەنیازن لەبارەی ئەو تەنگژەی پێوەست بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە كۆ ببنەوە، بەپێی سەرچاوەكە پارتی دیموكراتی كوردستان دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە پەك خستووە، بەهۆی دەستكاریكردنی لیژنەی دارایی بۆ بڕگەكانی هەردوو مادەی 13 و 14ی بودجە پێوەست بە هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، پارتی ئەو گۆڕانكارییانەی رەت كردەوە و داوای كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە، ئاماژەی كرد، پارتی پێی وایە پێویستە هاوپەیمانیەتییەكە پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان بێت، كە حكوومەتی نوێی لەسەر بنەما دامەزراوە.

بەدەر لە نیگەرانیی كورد، زۆرێك لە سیاسەتوانە خاوەن ئەزموونەكانی عێراق لەو گۆڕانكارییانەی لە پشكی كورد لە بودجە دوور لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە ناڕازین و رەخنەی توندی لێ دەگرن، مەشعان جبووری، سیاسەتوانی دێرینی سوننەی عێراق لە تویتێك لەبارەی ئەو بابەتەوە نووسیویەتی، رێككەوتنی نێوان گەورەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بووەتە بابەتێكی یاریكردنی بچووكەكان و هەوڵی ئەوان بۆ پێشاندانی پاڵەوانیەتیان، ئەوەش مایەی نەنگی و مەترسیدارە.  

جبووری لە تویتەكەیدا دەڵێت، بێ گومان ژمارەیەك پەرلەمانتار و سیاسەتوان هەن بە هەموو توانایەكیان كار بۆ تێكدانی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر دەكەن، بەتایبەتی لەبارەی بودجەوە، كە بریتییە لە بنەمای مسۆگەریی یەكپارچەیی وڵات و سەقامگیرییە سیاسییەكەی لە عێراق و كوردستانیش. 

دووپاتی كردەوە، بۆیە جێی مەترسی و نەنگییە كە رێككەوتنی نێوان گەورەكان ببێتە بابەتێك بۆ یاری بچووكەكان و هەوڵی پێشاندانی پاڵەوانیەتییان.    

عزەت شابەندەر، سیاسەتوانی شیعە بەتوندی هێرش دەكاتە سەر ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە لە پشت پێشنیاز و دەنگدان بوون لەسەر گۆڕانكارییەكان لەو بڕگانەی پێوەستن بە هەرێمی كوردستان لە روشنووسی بودجە و لە تویتێك نووسیویەتی، بودجەی گشتی بنەمایەكی جێگیری نیشتمانییە، بۆ مسۆگەریی یەكپارچەیی وڵات و سەقامگیری سیاسی و مافی هاووڵاتییانە لە باكورەوە تا باشووری عێراق.

زیاتر گوتی، بۆیە نەنگییە كە رێككەوتنی نێوان گەورەكان و ئەو مادانەی واژوویان لەسەر كردووە لە بەرانبەر موزایەدە و یاریكردن و پاڵەوانیەتی منداڵانە و قەڵپ هەرەس بێنێت. 

ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی سەبارەت بەو گۆڕانكارییانە، چەند لایەنێكی سیاسی بە هەوڵی بەربەست دروستكردن بۆ تێپەڕاندنی بودجە لە رێگەی كردنەئامانجی بەرنامەی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمەتبار دەكەن، مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو بڕگانەی پێوەندیدارن بە هەرێم لە بودجەی عێراق، دوای چەند گەڕێك گفتوگۆ، رێككەوتنی لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر لەسەر كراوە، بۆیە هیچ پاساوێك بۆ خۆدزینەوە لە رێككەوتنەكە نییە كە لە لایەن سەرانی سیاسییەوە پاڵپشتی كراوە. 

روونی كردەوە، خۆدزینەوەی لە رێككەوتنی بەغدا و هەولێر و دەستكاریكردنی بڕگەكانی بودجە پێوەست بە هەرێمی كوردستان، مەبەست لێی كردنەئامانجی بەرنامەی حكوومەتەكەی سوودانییە، لە رێگەی بەربەست دروستكردن بۆ تێپەڕاندنی بودجەوە، چونكە دوای ئەو گۆڕانكارییە و بەهۆی بوونی ناڕەزایی سیاسی بودجە تێپەڕ نابێت، كە هاوكات پێچەوانەی رێككەوتنی سیاسییە لە نێوان هێز و لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر.

دوێنی ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی كرد، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی نوێنەرانی پارتی و یەكگرتوو و لایەنە سوننەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد، بەڵام یەكێتی و عەسائیبی ئەهلی هەق و هەندێك لایەنی تر، پێشنیازەكانیان دژی هەرێمی كوردستان پەسەند كرد.

روونی كردەوە، كاتێك نوێنەرانی یەكێتیم بینی پێشنیازێكی لەو شێوەیەیان كردووە، تووشی سەرسڕمان بووم، چونكە چۆن دژی خواستەكانی خۆت رێككەوتن دەكەیت، ئەو رێككەوتنە بەدەر لەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە، تەنانەت لە بەرژەوەندی یەكێتیش نییە.

دلێمی، دووپاتی كردەوە، گەلی كوردستان ئەو هەموو ساڵە تێكۆشانی كردووە بۆ ئەوەی شایستە دەستوورییەكانی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان دەستكەوێت، چۆن دەبێت سازش لە مافە دەستوورییەكان بكرێت، بەڕاستی ئەم حاڵەتە شتێكی نامۆیە كە بۆچی برایانی یەكێتی دژی هەرێمی كوردستانن.

دووپاتی كردەوە، گەلی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە جارێكی تر دەنگدان لەسەر ئەو رەشنووسە دەكرێتەوە كە ئەو دوو لایەنە لەسەری رێككەوتوون، هەڵدەوەشێنەوە و جێبەجێناكرێن، چونكە ئەو مادانە دژی رێككەوتنی نێوان هەولێر بەغدان و هەرێمی كوردستان دەستوورییە و خوێنێكی زۆر لەپێناو ئەو قەوارەیەدا رژاوە تا بەم رۆژە گەیشتووە، پێم سەیرە چۆن دەكرێت دەستبەرداری خوێنی شەهیدانبن كە هەرێمی كوردستان وەك پارێزگایەكی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل