بۆچی هەوڵی تێكدانی پێوەندییەكان و رێككەوتنی هەولێر بەغدا دەدرێت؟

:: PM:09:45:27/05/2023 ‌

ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە كراون، لەكاتی سەرگرتنیان دۆخێكی خراپ بەسەر هەرێمی كوردستان دێنن، چونكە رێككەوتنەكەی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق، خۆشگوزەرانی بۆ كوردستان تیادایە، هاوكات ئەو خیانەتەی كە كراوە، دۆخی ئابووری كوردستان سەخت دەكا و كێشەكان قورستر دەبن.

لەو بارەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كوردستان بەو جۆرە مامەڵەی لە بەغداوە بەرانبەری دەكرێت، دۆخێكی خراپی دارایی بۆ دروست دەبێت، هەموو گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆژەكە دەبنە گرفت بۆ هەرێمی كوردستان و دۆخێكی خراپ لە ناوخۆی هەرێم دروست دەكات، راستییەكەی دەستێك هەیە بە ئاراستەی تێكدانی رێككەوتنەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی عێراق، كە زۆر باش بوو و هەنگاوی گەورە نران و هەردوولا پابەندبوونیان نیشان دا بۆ ئەو رێككەوتنە كە هەرێم دەبوژایە، بەڵام بەو دۆخەوە كە دانراوە و بابەتی پاشەكەوتیش بەو گۆڕانكارییانە كە ئەگەر پەسەند بكرێت، هەرێم خاوەن داهات نابێت و عێراق دەیداتەوە بەسەر كوردستان و چەواشەكارییە بەسەر خەڵكەوە.

زیاتر گوتی، هەموو پێكهاتەی توركمان لە ماوەی رابردوو پشتیوانی خۆمان بۆ رێككەوتنەكەی مەسروور بارزانی و محەمەد سوودانی دەربڕی، ئێستەش بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆمان بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نیشان دەدەین، ئەمە دەستێكە بۆ تێكدانی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغداو لادانی ئەو رێككەوتنەی هەردوولا و بەتەواوی پشتگیری حكوومەتی خۆمانین، ئەو گۆڕانكارییانەی لە بودجە كراون كاریگەری خراپی لەسەر كوردستان دەبێت و رەنگە كوردستانیش توانای رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی نەبێت.

لای خۆیەوە  دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، بڕگە پێشنیازكراوەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەڵێت، هیچ بڕە پارەیەك نادەین بە هەرێمی كوردستان و پێویستە مانگانە مووچەش دابەش بكات و %10 لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان بداتەوە، ئەوانەی تایبەتن بە شایی و هەڵپەڕكێ و هاتوون پێی شاگەشكە بوون و تەپڵی بۆ لێ دەدەن، ئەوانە هێشتا پێشنیازن و دیاریشە یان نابن بەیاسا یان سەری حكوومەتەكەی ئیدارەی دەوڵەت دەخوات.

پێوەست بەو بابەتە كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەو حكوومەتەی عێراق پێك هێنراوە، لەسەر كۆی ئەو پارتە سیاسییانەیە كە دەنگیان داوە و ئەو بەرنامە وەزارییەی كە سوودانی پێشكەشی كردووە و هەموو هەنگاوەكانی تایبەت بە نزیكبوونەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا باس كراوە، ماوەیەك پێش ئێستە بابەتی دادگای پاریس كە بڕیاری دا، لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای هێنایە ئارا لە نێوان هەردوو سەرۆكی حكوومەت و لەسەر ئەو بنەمایەی هەرێم بەشێك بێت لە بودجەی عێراق.

روونی كردەوە، هەروەها كردنەوەی سندووقێكی تایبەت بە چاودێریی عێراقی و كارابوونی ئەندامانی كورد لە سۆمۆ، تا دوو رۆژ پێش ئێستە هەموو بابەتەكان ئاراستەیەكی زۆرباشیان گرت ، راستییەكەی ئەقڵیەتێك هەیە رێككەوتنی هەرێم و بەغدای پێ قبووڵ نییە، ئەو رێككەوتنە نزیكبوونەوەی هەردوولا بوو، چ لایەك سوود لە تێكچوونی ئەو رێككەوتنە وەردەگرێت، پێم وایە بابەتەكە لە بەغدا گەورەترە و دەستێكی گەورەتر لە بەغدا ئەو ئاراستەی گرتووە، بەتایبەتی چوونی هەندێك كەس بۆ ئێران، هەروەها واژووكردنی لەو ئەندامانی یەكێتی لەو لیژنەیە، ئەوانە هەمووی لێدانە لە پێگەی هەرێم، دەستكاریكردنی ئەو خاڵ و مادانەی لە حكوومەت رۆشتووە بۆ لیژنەی دارایی و دواتر بۆ پەرلەمان.

"لەسەر ئاستی سەركردایەتی حزبێك بەئاشكرا باس لەوە دەكەن كە ئەو بابەتە لێدانە لە پێگەی وهەرێم، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەمان بابەت دووپات دەكەنەوە، حزبە بازرگانەكەی شاسواریش دەستی كردووە بە موزایەدە و چاوبەستنی خەڵك لەسەر پرسی پاشەكەوتی مووچە، لەكاتێكدا بەغدا خۆی هۆكار بووە لە بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم"، كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

دووپاتی كردەوە، عێراق خۆی سەركردایەتی خۆی ناكا و سیادەی نییە، دەبێت ئەقڵیەت لە عێراق بگۆڕێت، ئەگەرنا كێشەكان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، كورد دەبێت هەنگاوی تر بگرێتە بەر تا كۆتایی بەو كارانەی بەغدا بێنێت، چونكە بەپێی ئەو بڕگە و مادانە كوردستان دەبێتە وەبەرهێنەر بۆ عێراق، دەبێت بەهەر چۆنێك بێت پەیدا بكات و بیداتە عێراق و عێراقیش بەو ئەقڵیەتە مامەڵەمان لەگەڵ بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل