لۆبیا لە بازاڕ نەما

:: AM:10:05:29/05/2023 ‌
كەمبوونەوە و نەمانی لۆبیا بەهۆی ترسی بازرگانەكان لە دابەزینی نرخی دۆلار، وایكردووە هاووڵاتییان گلەییان هەبێت، چاودێری بازرگانیش دەڵێت، نرخەكە پێوەندیی بە ئێمەوەیە و هێنانی پێوەندیی بە بازرگانەكانەوە هەیە.

لە هەرێمی كوردستان بازرگانان سەرپشك كراون لە هێنانی كەلوپەلی خۆراك، حكوومەتیش زۆرترین ئاسانكارییان پێشكەش دەكات، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە هیچ بڕە لۆبیایەك بۆ هەرێمی كوردستان نەهێنراوە، ئەوەیش پێوەندیی بە ترسی بازرگانەكان هەیە لە هەرزانبوونی دۆلار.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئایار، ئەسكەندەر شێخ عەلی خاوەن كۆگەیەكی فرۆشتنی بەرهەمی خۆراكە، بە "وشە"ـی راگەیاند، زیاتر لە دوو هەفتەیە هیچ بڕە لۆبیایەك نەهاتووە بۆ كۆگەكان، ئەوەیش پێوەندیی بە بازرگانەكانەوە هەیە.

پێوەندیی بە بازرگانەكان هەیە كە چ دەهێنن، ئێمە تەنیا چاودێرییان دەكەین.
زیاتر گوتی، نەهاتنی وایكردووە هیچ بڕە لۆبیایەك لە كۆگەكان نەمێنێت و تەنیا لە چەند ماركێتێكی ناو بازاڕەكان ئەویش بە دەگمەن بمێنێت، هۆكارەكەشی ئەوەی ئێمە لێمان پرسیون ترسیان لە دابەزینی نرخی دۆلار هەیە كە زیان بكەن.

مزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، هێنانی پێداویستییەكانی خۆراك، پێوەندیی بە بازرگانەكان هەیە كە چ دەهێنن، ئێمە تەنیا چاودێرییان دەكەین.

زیاتر گوتی، نرخ و كوالێتی و كۆنترۆڵكردنی لە بازاڕەكان، ئەوە پێوەندیی بە ئێمەوە هەیە، یان رێكەوتی بەسەرچوون و خراپبوونی ئێمە لێی بەرپرسین، ئەوەی تر كە بڕەكەی كەمە و زیاد پێوەندیی بە بازرگانەكانەوە هەیە، ئەوەیە بۆچی نایهێنن.

لۆبیا ڕووەكێكە لە ڕەگەزی پاقلەمەنییەكان و چەند جۆرێكی ناوداری هەیە، لۆبیا سەوزەیەكی كەمچەورییە و بە سەوزی سوودی هەیە و بە وشكیش سوودی لێ وەردەگیرێت، دوو جۆری هەیە وەك لۆبیای سپی و سوور، هەروەها ناوكەكەی وەك لۆبیای وشك سوودی هەیە و بەكار دەهێنرێت. بنەچەی ئەم ڕووەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریكای ناوەڕاست و مەكسیك و چەند ناوچەیەكی ئەفریقا.



وشە - رامیار جەواد