یه‌كێتیی عێراق بۆ له‌شجوانی، ئه‌مڕۆ ره‌تی كرده‌وه ره‌گه‌زی ژن له عێراقدا به‌شداری له پێشبڕكێی له‌شجوانی بكات له ناوه‌وه یان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چونكه نه‌ریت و ئاین رێی پێ نادات.
پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ
دووشه‌م 29ی ئایار بڵاوی كردووه‌ته‌وه، سه‌رۆكی یه‌كێتیی عێراق بۆ له‌شجوانی و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئاسیایی فائیز عه‌بدولحه‌سه‌ن گوتوویه‌تی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێ ناده‌ین ژنان بۆ پێشبڕكێ و چالاكییه وه‌رزشییه‌كان، به‌شداری له بواری له‌شجوانیدا بكه‌ن، ئه‌وه دووره له نه‌ریت و ئاین.
زیاتر گوتوویه‌تی، نه ئاین و نه داونه‌ریت، رێمان پێ ناده‌ن ژنانی عێراقی به‌شداری له‌و جۆره چالاكییانه بكه‌ن، جا چالاكییه‌كه یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تی بێت یان ئاسیایی، بۆ ژنانی عێراقی قه‌ده‌غه‌یه.
فائیز عه‌بدولحه‌سه‌ن روونی كرده‌وه، ره‌وشت و ئه‌ده‌ب و پارێزگاری، ئه‌و شتانه‌ن كه رێ له‌وه ده‌گرن ژنان به‌شداری له چالاكیی له‌شجوانی بكه‌ن، چونكه له بنه‌مادا بواره‌كه بۆ پیاوانه.
دواتریش ئاماژه‌ی دا كه ده‌كرێ ژناانی عێراقی راهێنان له‌سه‌ر له‌شجوانی بكه‌ن له پێناو ته‌ندروستیی خۆیان و به‌هێزبوونیان و رێكیی جه‌سته‌یان، به‌لام نابێ به‌شداری له پێشبڕكێ بكه‌ن كه نه ئاین و نه داونه‌ریت رێی پێ ناده‌ن.