داخستنی دەروازەی سیمالكا بەردەوامە.. پەیەدە بۆ وا دەكات؟

:: PM:06:33:29/05/2023 ‌

بۆ 19 رۆژ دەچێت بەهۆی رەفتارە ناهاوسەنگەكانی پەكەكە و هەسەدەوە، دەروازەی سنووری سیمالكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان داخراوە، بەوەش تەنگژە و نەهامەتی زیاتر كەوتە سەر شانی كوردانی رۆژئاوا، وەك بڵێی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا هاومەبەست لەگەڵ نەیارانی كورد كار دەكەن و دڵ و دەروون و دۆخی ئەو ناوچانە وێرانتر دەكەن و نایەڵن بحەسێنەوە. 

لەگەڵ بەردەوامیی داخرانی دەروازەی سیمالكا، پڕۆژەیەكی زۆری بیناسازی بەهۆی نەمانی چیمەنتۆ و كەرەستەكانیتر وەستاون، بەوەش كرێكارێكی زۆر لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا بێ كار ماونەتەوە، بۆیە كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر دۆخی تەندروستی و ئابووری و تەناهی ئەو ناوچانە، جیا لە كاریگەری بۆ سەر نرخی كاڵا و مادە خۆراكییەكان و دروستبوونی داتەپینی بازرگانی، هەموو ئەوانەش بەو پێیەی ئەو دەروازە تاكە دەرچەی دەرەوەیە بۆ ئەو ناوچانە.

یەكێك لە كێشەكانی داخستنی ئەو دەروازە دروستی كردووە، نەمانی چەمەنتۆیە، بەوەش تێچووی دروستكردنی خانوو و تەلارەكان بۆ زیاتر لە دووهێند زیادی كردووە، نرخی تۆنی چەمەنتۆ لە 91 دۆلارەوە بۆ 165 دۆلار زیادی كردووە، ئەوەش وای كردووە كارەی بیناسازی بوەستێت و سەتان كرێكار كارەكانیان لەدەست بدەن، جیا لە بەرزبوونەوەی نرخی پڕۆژەكان لە بازاڕدا.

(ح. ف)، كرێكارە و لە بواری بیناسازی كار دەكات دەڵێت، داخستنی دەروازەكە كاری منی بەتەواوەتی وەستاندووە، كە خۆی دۆخی بژێوی قورسە و كار كەمە، من خاوەن منداڵم و 10 رۆژە كارم نەكردووە، ئەوەش بەهۆی گرانبوونی نرخی چیمەنتۆ و كەمبوونەوەی، بۆیە داوا لە رێكخراوە مرۆییەكان دەكەم كار بۆ كردنەوەی دەروازەكە بكەن.

روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە دەكات كە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دۆخێكی بێزاری و توڕەیی جەماوەری بەخۆیانەوە دەبیننن لەناو بەردەوامی داخستنی تاكە دەروازەی مرۆیی بەرەو هەرێمی كوردستانەوە، كە لە 11ی ئەم مانگە داخراوە و كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر دۆخی بژێوی و تەندروستی و ئابووری و تەناهی لە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری.

لە لایەكی تر بەهۆی داخستنی دەروازەی سنووری فیشخاپوور-سیمالكا، رۆژنامەوانی بیانی و بەرپرسانی رێكخراوە مرۆییەكان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەریان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا جێ هێشتووە كە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە، بەتایبەتی لە ئەگەری بەردەوامبوونی داخرانی دەروازەكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ.

بەپێی سەرچاوەكان دۆخێكی بێزاری جەماوەری ناوچەكەی گرتووەتەوە، بەهۆی كاریگەرییەكانی داخستنی دەروازەكە لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە بەگشتی، بۆیەش بانگەوازی فریاكەوتن بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی واشنتن دەردەكەن بۆ هاتنە ناو بابەتەكە و كردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە، بەر لە دروستبوونی كارەساتی مرۆیی و رزگاركردنی ئەو ناوچانە لەو دۆخەی هەیە، بەتایبەتی دوای كەمبوونەوەی مادەكانی وەك شەكر و شیر و بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی مادە خۆراكییەكان.

بەپێی سەرچاوەكان لە دوای داخستنی دەروازەكە لە 11ی ئەم مانگەوە تا ئێستە 300 كارمەنی رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان ئەو ناوچانەیان جێ هێشتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستنی هاووڵاتییانی ئەوروپایی و ئۆپراسیۆنی یارمەتی مرۆیی (ئیكۆ)، وریایی لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی داخستنی دەروازەی سنووری نێوان ناوچەكانی هەسەدە و هەرێمی كوردستان دا.

دوای ئەوەی پەیەدە رێگری لە هاتنی شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا كرد بۆ  بەشداریكردن لە یادگەی نیشتمانیی بارزانی، دەرگەی خاڵی سنووری پێشابوور هاتە داخستن، هەرێمی كوردستان بەرپرسیارەتی داخستنی دەروازە سنوورییەكەی خستە ئەستۆی پەیەدە و پەكەكە و هەسەدە، راشی گەیاند كە پێشێلكارییەكانی ئەوان لە ئیدارەدانی ئەو دەروازە سنوورییە قبووڵكراو نییە و لەگەڵ ئەو مەبەستە ناگونجێت كە بۆی دروست كراوە.

جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، میلەتی ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان بووەتە قوربانی ناكۆكی و ململانێی سیاسی و لەو رۆژەوەی رژێمی سووریا ناوچە كوردییەكانی رادەستی پەكەكە كردووە خەڵكەكە و ئەو ناوچانە لەناو ئاگردان.

زیاتر گوتی، خاڵی سنووری پێشابوور- سێمالكا، وەك سەرچاوەیەك بوو بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان كە خەڵك دەیتوانی لەو رێگەیەوە سەردانی كەسوكاری خۆی بكا و یارمەتی بگاتە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە داخستنی زیانی زۆری هەیە، چونكە كردنەوی ئەو دەروازەیە خۆی بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و هاوكاری بۆ خەڵكی ئێمە بوو، بەڵام پەیەدە دەستی بەسەردا گرت و تەنیا خۆیان لێی سوودمەندن و نەیانهێشت لە بەرژوەندی خەڵك بەكار بێت.

"دوای ئەوەی شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ  یادگەی نیشتمانیی بارزانی بانگهێشت كرابوون، پەیەدە دەرگەی خاڵی سنووری پێشابووری داخست، بە بێ ئەوەی هۆكار هەبێت، كە نە خۆیان هاوكاری خەڵك دەكەن و نە رێگەش بە  هەرێم دەدەن هاوكاریان بكات، بۆیە پێویستە پەیەدە و پەكەكە بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە بەڕاستی ئەو كارە زیانی زۆری بە خەڵكی ئێمە گەیاندووە"، جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا وای گوت.

شەلال گدۆ، سكرتێری پارتی چەپی دیموكراسی كوردی لە سووریا و ئەندام لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد دەڵێت، ئیدارەی خۆسەری بەرپرسیارەتی داخستنی دەروازەكەی لە ئەستۆیە، چونكە رێگری لە شاندی ئەنجوومەنەكە دەكات بۆ تێپەڕبوون بەرەو هەرێمی موردستان بێ هیچ هۆكارێك، كە تاكە دەروازەیە بەرەو دەرەوە، ئێستەش هیچ ئاماژەیەك بۆ كرنەوەی دەروازەكە نییە و رەنگە دۆخەكە چەند هەفتەیەك بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رەفتارەكانی پەیەدە بەهیچ شێوەیەك لە ئاستی بەرپرسیارەتی نییە، بۆیە ناوە ناوە داخرانی ئەو دەروازە دووبارە دەبێتەوە.

دوای داخرانی دەروازەكە ئەنەكەسە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە پەیەدە رێگریان لە شاندی ئەوان كردووە بۆ چوون بەرەو هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەوان ئەجیندای سیاسیی خۆیان بەسەر دەروازەكە دەسەپێنن و گوشار دەخەنە سەر جموجۆڵی هاووڵاتییان و سەرانی ئەنەكەسە، ئەوەش ماوەی ساڵێكە هەیە، هاوكات ئەنجوومەنەكە وریایی لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی مانەوەی دەروازەكە بە داخراوی لەسەر دۆخی بژێوی خەڵكەكە دا و پێویستە گوشار لە پەیەدە بكرێت بۆ وەستانی ئەو رەفتارانەیان لەو دەروازەیە و كردنەوەی لەبەردەم هەمووان و ئیدارەدانی لە لایەن فەرمانبەرانی مەدەنی دوور لە ئەجیندای سیاسی و كاركردن بۆ خزمەتكردنی هەموو خەڵكی ناوچەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل