پێوەندی نێوان گێزەر و چاو چییە؟

:: PM:08:04:29/05/2023 ‌

لە كۆنەوە گوتوویانە "خواردنی گێزەر بۆ چاو باشە و توانای بینین بەهێز دەكات"، لە رووی زانستییەوە گێزەر مادەی بێتاكارۆتینی تیادایە، كە لەناو لەشدا بۆ ڤیتامین ئەی دەگۆڕێت و ئەویش بۆ بۆ تەندروستی چاو گرنگە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە بەوەی خواردنی گێزەر چاو بەهێز بكات یان كێشەكانی چاك بكاتەوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی بەریتانی سەبارەت بەو قسە كە گێزەر توانای بینین بەهێز دەكات، ئەو هەڵخەڵەتاندنێك بووە لە لایەن بەریتانییەكان لە دووەم جەنگی جیهانیدا، بەتایبەتی لە ساڵی 1940، كاتێك سوپای بەریتانیا ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگیی ئەڵمانیای تێكشكاند، نهێنی ئەو بابەتەش ئەوە بوو كە بەریتانیا تەكنیكێكی نوێی راداری بەكار هێنا، بەڵام نەیانویست ئاشكرا ببێت، بۆیە لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە چەند زانیارییەكی ساختەیان باس كرد، بەوەی سەربازانی بەریتانی كە رووبەڕووی ئەو فڕۆكانە بوونەتەوە، بڕێكی زۆر گێزەریان خواردووە، بۆیە توانای بینین چاویان بەهێز بووە و یارمەتی داون بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەڵمانیا.

لە رووی پزیشكییەوە، دەركەوتووە كە گێزەر سەرچاوەی بێتاكارۆتینە، كە بۆ ڤیتامین ئەی دەگۆڕێت، بەڵام سەرچاوەی تریش بۆ ئەو ڤیتامینە هەیە وەك شیر و هێلكە، بۆیە تەنیا گێزەر بۆ چاو باش نییە، جیا لەوە هەندێك لە كێشەكانی چاو وەك كورت یان درێژبینی یان لادانی، پێوەستن بە قەبارەی چاو و ماسولكە و شانەكانییەوە و پێوەندیان بە ڤیتامینەوە نییە.

بۆیە چارەسەری كورتبینی بریتییە لە بەستنی چاویلكە یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری، نەوەك خواردنی بەردەوامی گێزەر، كە خواردنی میوە بەگشتی بۆ تەندروستی باشە، لەوانەش بۆ تەندروستی چاوەكان، بەڵام ئەگەر چاوەكانت تووشی لاوازی و كێشە هاتنەوە، بەهیچ شێوەیەك لە رێگەی گێزەرەوە وەك خۆیان لێ نایەتەوە.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل