دوێنێ دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا بەڕێوە چوو، كە بە سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و مانەوەی بۆ پێنج ساڵی تر كۆتایی هات، هاوكات ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە كە لە هاوپەیمانی شەش پارت پێكهاتبوو و كەمال كلیچدارئۆغڵو كاندیدیان بوو، نەیانتوانی ئەردۆغان دوور بخەنەوە و لە كورسی سەرۆكایەتی لای بدەن.
لە بەرەی ئەردۆغاندا بردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی سوپرایز و كتوپڕ نەبوو، چونكە لە یەكەم گەڕدا توانی پێشەنگ بێت، بەڵام ئەو ترس و نیگەرانی هەبوو، هەرچی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنە، چەندان سوپرایز و رووداوی پێشبینی نەكراو هاتە پێش، لەوانە دیاریكردنی كلیچدارئۆغڵو بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن، لەوكاتەی كە كەسایەتی تری بەهێز لەو بەرەیەدا و لە دەرەوەشی هەبوون، دەیانتوانی بەهێزتر كێبەركێ بكەن، لەوانە عەبدوڵا گویل و موحەرەم ئینجە و مەنسوور یاواش و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كە كلیچدارئۆغڵو كەسایەتییەكی كاریزما و كارا نەبوو لەناو ناوەندی سیاسی و جەماوەری و حزبەكەی خۆشی
بەگشتی
ئۆپۆزسیۆن دوو هەلی گەورەی لەبەردەمدا بوو، یەكەمیان هەر هەموویان یەك ئامانجیان هەبوو ئەویش رووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان و لابردنی بوو كە بەتەواوەتی یەكی خستن، رەنگە جلرێكی تر دووبارە نەبێتەوە، دووەم بوونی چەندان دۆسیەیە كە یاریدەر بوون بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغان و دۆڕاندنی ئەویان زۆر نزیك كردبووەوە، بۆیەش ئەردۆغان نیگەران بوو و زۆر دەترسا، بەتایبەتی كە لە شەقامی توركیا وا بڵاو كرایەوە كە ئەوان دەیانەوێ گۆڕانكاری رووبدات.
بابەتێكی تر هەڵەپیشبینیكردن و هەڵسەنگاندنی هەڵخەڵەتێنەری راپرسییەكان بوو بۆ شەقامی توركیا، لەوانە نەوەی نوێ كە پێنج ملیۆن دەنگدەر بوون، وا بڵاو كرایەوە ئەوانە لە ئەردۆغان بێزارن و بەدوای گۆڕانكاری و كرانەوەن، جیا لەوە هەوڵەكانی سەركەوتن بەسەر ئەردۆغان پشتی بە حیساباتی ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر بنەمای سیاسی و ئابووری بەست، بۆیە ئۆپۆزسیۆن باسی رێژەی بەرزیی هەڵاوسانی كرد، كەچی لە سەردەمی ئەودا گەشەسەندنی فرەوانی ئابووری و جێبەجێكردنی چەندان پڕۆژەی گەورە لە نەخۆشخانە و فڕۆكەخانە و زانكۆ و رێگەوبان جێبەجێ كران.
ئەوەی زیاترین زیانی بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا گەیاند چوار خاڵ بوو:
یەكەم/ زۆر نزیكبوونەوە لە نەتەوەپەرستە توندڕۆكانی نەیار بۆ كەسانی بیانی و هەڵگرتنی دروشمی دەركردنی ئاوارەكانی سووریا.
دووەم/ هاوپەیمانیان لەگەڵ هەدەپە، كە نەتەوەپەرستەكانی توركیا بە كارێكی هەڵپەرستانەیان دانا، چونكە رەچاوی هەڵوێستی گشتیی توركیایان نەكرد، كە پەكەكە بە حزبێكی تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن.
سێیەم/ هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی دروشمی تایفی، بەتایبەتی لە لایەن كلیچدارئۆغڵو، ئەوەش كاردانەوەیەكی نەرێنی لە هەردوو ناوەندی عەلمانی و پارێزگار لە توركیا دروست كرد.
چوارەم/ هەڵوێستی دەرەكی، كە پاڵپشتی لە كلیچدارئۆغڵو دەكرد، لەبەردەم شەقامی توركیا ئەردۆغان وەك كەسێكی پارێزگار و نیشتمانپەروەر وێنا كرا، كلیچدارئۆغڵوش وەك هاوپەیمانێكی رۆژئاوا، كە دەیەوێ سیاسەتی ئێستەی سەربەخۆی توركیا لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات بگۆڕێت.